کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕاگەیندنەکانی خەڵکی و خەباتکار، بەیاننامەیەکیان دەرکرد

13:15 - 7 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شۆرای هاوئاهەنگیی ڕاگەیندنەکانی خەڵکی و خەباتکار، بە هۆی تێرۆرکردنی ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێران، بەیاننامەیەکیان دەرکرد.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین هەوڵی تێرۆریستیی دژ بە دژبەرانی خۆیدا، ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێرانی تێرۆر کرد.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیدا و تێرۆرکردنی دەژبەرانی ئەو ڕێژیمە و بەتایبەت ڕێبەری لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕێژیم، لە نوێترین هەوڵە تێرۆریستییەکانیدا، "مەولەوی ئیبراهیم سۆفیزادە"، ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێرانی کردە ئامانج.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا، کە شۆرای هاوئاهەنگیی ڕاگەیندنەکانی خەڵکی و خەباتکار دەریان کردووە، هاتووە: "کۆمەڵگای ئەهلی سونەتی ئێران، ٢٠ ملیۆن کەس حەشیمەتیەتی و ئەم هاووڵاتییانە بەپێچەوانەی ڕێژیمی ئێران، بڕوایان بە برایەتی و بەرانبەری و مافی یەکسان هەیە. بەڵام لە پەراوێز خراون و لە کوردستان، بەلووچستان، ئیلام و خووزستان و... دەچەوسێنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت. لەم نێوانەیشدا، زانایانی ئایینی و مافخوازی ئەهلی سونەت، بە ناسینی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران، ئاڵاهەڵگری ناڕەزایەتیدەربڕینی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی بوون".

هەروەها لە درێژەدا هاتووە: "کەسانێک وەکوو مەولەوی ئیبراهیم سۆفیزادە، کاک ئەحمەد موفتیزادە و کاک ناسر سوبحانی و... لەو کەسانە بوون کە دژی ڕێژیمی ئێران بوون و لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تێرۆر کراون".

پێشتر، بەرەی ئەهلی سوننەی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاندبوو: "ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کردەوە تێرۆریستییە ئیدانە دەکەین، هاوکات ڕایدەگەیەنین کە لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و نیزامی ویلایەتی فەقیهـ زیاتر هیچ دوژمنێکمان نییە و گومانی ئەو کردەوە تێرۆریستییەش تەنیا لەسەر ئەو ڕێژیمەیە و بەرپرسیارەتیی ئەو هەوڵە ناشیرین و دزێوەش لەسەر دەسەڵاتدارانی ویلایەتی فەقیهـ و ئەو نیزامەیە".

ڕۆژی هەینی، ۲۷ی بانەمەڕ، لە شاری "هەراتـ"ـی وڵاتی ئەفغانستان، پاش تەواوبوونی نوێژی هەینی، "مەولەوی ئیبراهیم سۆفیزادە"، ڕێبەری بەرەی ئەهلی سوننەی ئێران، لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە درایە بەر دەسڕێژی گولـلە و تێرۆر کرا.