کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەت بۆ تاوتوێ کردنی تاقیکاریی مووشەکیی ئێران کۆبوونەوەیەک ڕێکدەخات

10:28 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە بۆ تاوتوێ کردنی نوێترین تاقیکارییە مووشەکییەکانی ئێران کۆبوونەوەیەک رێک بخات؛ بە وتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێژیمی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تاقیکارییە، بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتی پێشێل کردووە.

بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەزدا بەڕێوە بچێت کە وڵاتانی ئەندامی شۆرای ئەمنییەت بریتی لە ئامریکا، فەڕانسە، ڕووسیە، چین و بریتانیا و هەروەها ١٠ ئەندامی دیکەش تیایدا بەشدار بن.

هەر لەم پێوەندییەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێران به هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر وڵاتانی دنیا دەزانێت، ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە بە هۆی ئەم بەرنامە مووشەکییەوە، گەمارۆی توند و جیددی بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران.

برایان هووک، بەرپرسی گرووپی هەنگاو به دژی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، بە ئاماژە بەوەیکە کاریگەریی گەمارۆکانی ئامریکا کاتێک دەتوانێ لە سەر ئێران کار بکات، کە لە لایەن وڵاتانی دیکەوە پشتیوانیی لێ بکرێت وتوویەتی: یەکیەتیی ئورووپا دەبێ هەموو توانای خۆی بۆ پێشگیری لە بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران وەگەڕ بخات.

پێشتریش مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە توییتێری خۆیدا، ئەو تاقیکارییە مووشەکییەی مەحکووم کرد.

لە لایەکی تریشەوە، ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی سەرماوەز، "ئێنیس وێدێرمۆڵ"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە تاقیکارییە مووشەکییەکەی ئێران دەربڕی و ئەوەی بە کارێک بۆ تێکدانی سەقامگیری و هەڵخڕانی ئاژاوە ناو برد.

مۆڵ هەروەها ڕایگەیاندووە: فەرانسه داوا لە ئێران دەکات کە بە زووترین کات هەموو چالاکییەکانی پێوەندیدار بەو مووشەکە بالستیکییەکانی کە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ناوکییان هەیە، کۆتایی پێ بێنێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لەوانە، ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردبوو کە ئەم تاقیکارییە مووشەکییە بۆ بەرگری لە ئێرانە و درێژەشی دەبێت.

لە ڕۆژانی رابردوودا، کۆماری ئیسلامی مووشەکێکی نێونجبڕی بالستیکی تاقی کردەوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەیە و دەتوانێ بەهۆی ئەم مووشەکەوە بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بکاتە ئامانج کە ئەم کارە لە لایەن بەرپرسانی وڵاتانی دیکەوە بە توندی مەحکووم کرا.