کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەت لەبارەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران کۆبوویەوە

09:56 - 22 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی خۆیدا دژی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و مووشەکەکانی سپای تێرۆریستی ئەو ڕێژیمە بڕیاری دا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، شۆرای ئەمنییەت لە کۆبوونەوەیەدا هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێرانیان دژی ئاشتی و ئەمنییەت وەسف کرد و پەرەپێدانی مووشەکە بالێستیکییەکانی ئەو ڕێژیمەیان بە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت لە قەڵەم دا.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران سیستمی مووشەکیی بالیستیکی ڕادەستی میلیشیا شیعەکانی عێراق دەکات، ئەوەش بوووەتە ھەڕەشە بۆ سەر ھاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتدا تایبەت به‌ ئێران دەیان بەڵگەی خستەڕوو و ھۆشداری دا ئێران بووەتە خاوەنی بەھێزترین سیستمی مووشەکیی بالیستیکی لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستدا، کە دەتوانێت پێتەختی ھەموو وڵاتانی ئورووپایی بکاتە ئامانج.

لەو کۆبوونەوەیدا ٨ وڵاتی ئورووپایی مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیان هەیە، بە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت وەسف کرد.

ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زاری پاسدار "ئەمیرعەلی حاجی‌زادە"وە بڵاویان کردەوە، سەرەڕای ئەویکە لەمدواییانەدا تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی بالیستیکیان ئەنجامداوە، لەسەر تاقیکردنەوەی مووشەکەکانیش بەردەوام دەبن.

ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەز هەواڵدەری تەسنیمی سپای پاسداران له  زاری پاسداری تێرۆریست، ئەبولفەزڵ شکارچی وتەبێژی ئەرتەشی ڕێژیم بڵاوی کردەوە: تاقیکاری مووشەکی و بردنەسەری توانای مووشەکی و دفاعیمان یەکلایی کراوەتەوە و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان.

دوای تاقیکردنەوەی ئەم مووشەکە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کرد، تاران بەم دواییانە مووشەکێکی بالستیکی نێونجبڕی بەنهێنی تاقی کردووەتەوە کە توانای پێکانی ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی هەیە و دەتوانێ بۆمبی ناوکی هەڵگرێ.

تاقیکردنەوەی مووشەکە بالیستیکەکانی ڕێژیمی ئێران پێشێلکردنی بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە کە دەست لە بەرنامەی مووشەکی هەڵبگرێت.