کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنیەت سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی ئێران دانیشتنێکیان بەڕێوە برد

11:18 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لەسەر داواکاری فەڕانسە و بریتانیا شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی نهێنییان بۆ تاوتوێ کردنی تاقیکاری مووشەکی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە برد.

ئەگەرچی سەبارەت بە نێوئاخنی باس و بابەتەکانی ئەم دانیشتنە هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە بەڵام ڕۆژنامەی وال‌ستریت ژورناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە نیکی هیلی لەم دانیشتنەدا باسی لە مەترسیداربوونی ئەم تاقیکارییە کردووە و وتوویەتی: دوور لە چاوەڕوانی نەبوو کە ئێران کارێکی لەم شێوەیە بکات.

وتوویشیەتی: کۆمەڵگەی جیهانی نابێ لە ئاست پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ بێت و دەبێ ئەم پیشێلکارییانەی تاران یەکدەنگ و هاوهەڵوێست مەحکووم بکرێت و دژکردەوەی شیاوی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

هاوکات دەوڵەتی ئامریکا بڕیاری داوە ناوگرووپێکی فڕۆکەهەڵگری خۆی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئاوەکانی کەنداو جێگیر بکات؛ بە پێی دوایین هەواڵەکان ناوی فڕۆکەهەڵگری "یوئێس‌ئێس جان سی. ستێنیس" و کەشتییە سەربازییەکانی هاوڕێی تا کۆتایی ئەم حەوتووە لە کەنداودا جێگیر دەبن.

کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژانی ڕابردوودا تاقیکارییەکی دیکەی مووشەکی ئەنجام دا کە وەک لێپرسراوانی ئامریکایی دەڵێن پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنیەتە، چوونکە ئەو مووشەکانە لە جۆری بالستیکی نێونجبڕ بوون کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیی و پێکانی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپاییان هەبووە.