کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرا و دێهیاریی "گوێکتەپە" کە تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە گوشاریان بۆ خەڵک هێناوە کە بە درۆ شایەتییان بۆ بدەن

12:19 - 9 بەفرانبار 2720

شۆرا و دێهیاریی خولی سێهەم لە "گوێکتەپە" کە تۆمەتی گەندەڵی و دزییان لەسەرە، بۆ ئەویکە دادگایی نەکرێن و لەنێو خەڵکدا ڕیسوا نەبن، کەوتوونەتە پەلەقاژێ و گوشاریان بۆ خەڵک هێناوە کە لە دادگادا بە درۆ شایەتییان بۆ بدەن.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابڕدوودا دوای ئەویکە تێلێڤیزیۆنی "تیشک" هەواڵی داگیرکردنی لەوەڕگە لە شاری "گۆێکتەپە"ی مەهاباد کە لەلایەن شۆرا و دێهیاری بە هاوکاریی بەناو نوێنەری خەڵکی مەهاباد بڵاو کردەوە،  شۆرا و دێهیاریی خولی سێهەم، گوشاریان بۆ خەڵکی گەڕەکی ئاشیی گوێکتەپە هێناوە کە لە دادگا شایەتیی درۆیان بۆ بدەن.

ئەو کەسانە لەلایەن "جەلال مەحموودزادە" بەناو نوێنەری مەهاباد لە مەجلیسی ڕێژیم پشتیوانییان لێ دەکرێت. چەندین هێکتاریان زەوی داگیر کردووە و بە خەڵکیان فرۆشتووە و ئێستا کە دزی و گەندەڵییەکەیان دەرکەوتووە گوشاریان بۆ خەڵک هێناوە کە لە دادگادا بڵێن ئەوانە هیچ زەوییەکیان نەفرۆشتووە و بڵێن کە هیچ پارەیەکمان نەداوە بە شۆرا و دێهیاری.

لە حاڵێکدا کە دادگای ورمێ حوکمی زیندانی و گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ شۆرا و دێهیاریی خولی سێیەم دەر کردووە، دەیانهەوێت ئەو گەندەڵییە بخەنە سەر شانی خەڵک.

هەر لەو پێوەندییەدا "جەلال مەحموودزادە" بەناو نوێنەری خەڵکی مەهاباد کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ئیدعای ئەوی دەکرد کە دژی گەندەڵی دەوەستێتەوە، ئێستا دەیهەوێت لە ڕێگای جۆراجۆرەوە ئەو کەسانه بێبەری بکات و ئەو گەندەڵییە پەردەپۆش بکات.