کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆفێرانی تاکسیی شاری سەقز مانیان گرت

17:23 - 21 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە شۆفێرانی تاکسیی شاری سەقز بەهۆی گرانیی لەڕادەبەدەر و کەمیی داهات کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و مانیان گرت.

گرانبوونی کەرەستەی ماشین و زۆربوونی ڕێژەی تاکسی لەنێو شاری سەقز بووەتە هۆی کەمیی داهات بۆ ئەم  چینە.

شارەداری و شورای شاری سەقز و ڕێکخراوی بەناو تاکسیڕانی بەهۆی گەندەڵی و نابەرپرسایەتی لە ئاست چۆنیەتیی ژیان و گوزەرانی شۆفێرانی تاکسی و بنەماڵەکانیان بەردەوام ئیزنی کارکردنی زیاتر بە فیات و ئیسنەپ و تاکسی تەلەفۆنی لەم شارەدا دەدەن .

شەقامەکانی شاری سەقز هەڵگری ئەم ڕێژە لە قەرەباڵغییان نییە و ڕۆژانە دۆخی بێ سەرەوبەرەیی لەنێو شاردا زۆر ڕوون و بەرچاوە.

گرانبوونی پێداویستیی ژیان و کەرەستەی ماشین و گرانبوونی بەردەوامی خانوو و کرێی خانوو و زۆر کێشەی دیکە، کارێکی وای کردووە کە بەردەوام شۆفێرانی تاکسی لە شاری سەقز مانگرتن بەڕێوە ببەن.

زیادکردنی کرێی تاکسی تەنیا چەند مانگێکی کەم دەتوانێت شۆفێرانی تاکسی بێدەنگ بکات.

ڕێژەی هەڵاوسان و گرانی لە ئێران و کوردستان بە جۆرێکە کە هەر دوو مانگ جارێک دەبێ نرخی حەقدەستەکان بەپێی گرانیی شتومەکەکانی بازاڕ زیاد بکرێت.