هیوا خانێ
پاش رێککه‌وتنی ده حیزبی ئێرانی له سه‌ر داهاتووی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی له دوو به‌ره‌ی کورد و ئێرانی بلیند بووه. له‌وانه‌یه زۆر ناسیۆنالیستانه بێت به‌ڵام ده‌لیلی ناڕه‌زایه‌تی به‌ره‌ی کورده‌کانم پێ به‌جێتره هه‌تا هی فارسه‌کان، که‌چی تێبینیم له‌سه‌ر هه‌ر دوو به‌ره هه‌یه.
پاش تێکچوونی حوکمڕانی میرنشینه‌کان و نه‌مانی پاشایه‌تی قه‌جه‌ر و هاتنه سه‌رکاری ره‌زاخان، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه وه‌ک دیاری فه‌ڕه‌نگ له‌گه‌ڵ کلتووری ئه‌و وڵاتانه بۆ یه‌کده‌ست کردنی گه‌لانی ئێران له باری زمان و جلوبه‌رگه‌وه و سه‌رده‌ست کردنی فارس وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات وای کرد که هێژمۆنی ناوه‌ند، کلتووری فارس له سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دیکه فه‌رز بکا. له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ره‌زا خان و حه‌مه ره‌زا دا به هۆی سیاسه‌تی فه‌رق و هه‌ڵاواردن، له‌نان خستن و داڵده‌دان وای لێهات که نه‌ته‌وه‌کانی ئێران هه‌ستی خۆ بهکهمگری به‌سه‌ریدا زاڵ بێ و زۆر که‌س له سایه‌ی پشتگیری رێژیم به نان و نه‌وایه‌ک گه‌یشتبوون و حاشایان له نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بکه‌ن. له نێو کورددا هه‌بوو به‌ڵام له نێو ئازه‌رییه‌کاندا یه‌کجار به‌رچاو بوو! ( پاش هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامیش درێژه‌ی هه‌بوو!) بۆ ئه‌وه‌ی پێیان نه‌ڵێن ئێوه ئازه‌رین کاتێ خێزانیان دووگیانه ده‌یانبه‌ن بۆ شاره‌کانی تاران و شیراز و ئیسفه‌هان هه‌تا منداڵه‌کانیان له‌وێ له‌دایک بن و هه‌ر له‌وێش شناسنامه‌یان بۆ وه‌ربگرن. بڵێن ئێمه له دایک بووی شیرازین! ئه‌وه زۆر باو بووه کوڕێک گوتویه‌تی باوکم تورکه به‌ڵام من له دایک بووی تارانم! ساز کردنی ئه‌و هه‌مووه نوکته و جۆک و بێڕێزییه به نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ئامانج ته‌نیا هێنانه خواری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و سووککردنی ئه‌وانه به ئه‌نجام گه‌یشتووه.
تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران یه‌کێک له سیاسه‌ته‌کانی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی بووه. پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی دزراوی گه‌لانی ئێران ئه‌و سڕینه‌وه‌یه به خه‌بات و کاری نه‌ته‌وه‌کان تا ڕادده‌یه‌ک کاڵ بۆته‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان چاوه‌ڕوانیان ده‌کرد وا نههاتهڕوو! هه‌رچه‌ند کورد به گوڕ و تینێکی زۆره‌وه هاته گۆڕه‌پانی داخوازی نه‌ته‌وه‌یی به‌ڵام چوونکه ته‌نیا بوو، جگه له هێرش و سه‌رکوت چ جوابێکی وه‌رنه‌گرتووه.
په‌ندێک هه‌یه ده‌ڵێ خه‌ڵک له‌سه‌ر ئایینی پاشای وڵاتی خۆیانن! ئه‌و دهسڕۆیشتوویه و به ده‌سه‌ڵات و به زه‌بروزه‌نگ هۆکاره بۆ بێده‌ره‌تانان، نزم نه‌فسه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیخوازان که سه‌ڵه‌وات له دیداری خاوه‌نی نان لێبده‌ن! ئه‌و پشتگیرییه و دهژێررکێف دابوونه بۆته هۆی ئه‌وه‌یکه کاربه‌ده‌ستانی ناوه‌ندنشین پشوویان لێهه‌ڵماڵێ و باری نه‌ته‌وه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ویست و داخوازی ئه‌و نۆکه‌رانه‌ی که سه‌ریان بۆ ئه‌وان نه‌وی کردووه سه‌یر بکا. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده حیزبه ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌یان واژۆ کرد به گشتی ناوه‌ندخوازه‌کان و ئه‌حزابی رادیکاڵ و میانه‌ڕه‌و و لیبراڵ و ئیسلامی و ته‌نانه‌ت چه‌په‌کانی فارسیش هه‌ڵبه‌زینه‌وه و به دژایه‌تی قسه‌یان له‌سه‌ر کرد، ئه‌ویش زۆر به ده‌مارگرژانه! سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ئه‌و رێکخراوانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ئازادیخوازی ده‌که‌ن و ده‌نگی دێموکراسیخوازیان گوێی جیهان که‌ڕ کردووه و به‌رابه‌ری و به‌راده‌ریان عه‌رشی هه‌ڵگرتووه! که ده‌گه‌نه ئاستی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران هه‌موو یه‌ک هه‌ڵوێستیان ده‌بێ و به‌رچاویان تاریک ده‌بێ و نه ئازادیخوازن و نه دێموکراسی ده‌ناسن! ده‌بنه پاوانخوازێکی خوداوه‌ندگاری سه‌رکوره‌ی عه‌رز که ده‌بێ ته‌نیا ئه‌وان فه‌رمانده‌ر و ئه‌وانیتر فه‌رمانبه‌ر بن! ته‌واوی بنه‌ما ئینسانی و ئه‌خلاقی و نێونه‌ته‌وه‌ییەکان ده‌ڕووخێنن و پێشێلی ده‌که‌ن.
ئازادی و دێموکراسییه‌ک که ئه‌وان پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن ته‌نیا و ته‌نیا له قامووسی ئه‌واندا هه‌یه، چوونکه پێیان وایه ئازادی و دێموکراسی ئه‌وان نابێ هاورده بێ به‌ڵکوو پێویسته هه‌ڵقوڵاوی بیر و زه‌ینی چه‌قبه‌ستووی ئه‌وان به پێی بنه‌ماکانی ئایینی و چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی کورشی که‌بیر بێ! (هه‌رچه‌ند به پێی ئامۆژگاری ئه‌وانیش ناکه‌ن) هه‌ر وه‌ک دێموکراسییه‌که‌ی سه‌ددام و هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆماری ئیسلامی که کوته‌کاغه‌زێک به ناوی (رای) ده سندوق داویژرێ! و به مردم‌سالاری دینی و دێموکراسی رۆژئاوا ده‌رخواردی خه‌ڵکی ده‌ده‌ن!. با په‌سه‌ندی ئه‌وان بێ، تۆ هه‌ڵتبژادووه. له چوارچێوه‌ی یاسای بنه‌ره‌تیدا نا- ئه‌و یاسا دووهه‌مه نه‌نووسراوه‌ی که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی له سێبه‌ردا رێکخراوه کاربکه‌ی ئازادی! له روانگه و بیروڕای زۆرێک له رێکخراوه سیاسییەکان و حیزبه ناوه‌ندگه‌راکان، پێکهاته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له ئێران وه‌ک گه‌ل بوونی نییه! ئێران له چه‌ند نه‌ته‌وه‌ی جیا پێکنه‌هاتووه به‌ڵکوو ئێران له چه‌ند قه‌وم و قه‌بیله که له ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه نه‌ته‌وه‌ی ئێران پێکدێنن و ئه‌و قه‌وم و قه‌بیلانه قه‌ت نابێ لێک جیاببنه‌وه ته‌واو!.
له لایه‌کی دیکه‌وه هێندێک له ره‌خنه‌گرانی کورد ئه‌وانه‌ی داخوازی سیفر و سه‌دیان هه‌یه، ره‌خنه له‌وه‌ی ده‌گرن که شوڤینیزمی فارس قه‌ت حیسابی بۆ نه‌ته‌وه‌کانی ئێران نه‌کردووه و ژیانی ئاره‌زومه‌ندانه، شارۆمه‌ندی ده‌ره‌جه‌یه‌ک، به خه‌ونیش نه‌بینراوه... ئه‌وه‌ی راستی بێ ره‌خنه‌گرانی کورد خاڵی سه‌ره‌کییان پێکاوه به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی ئێستادا سه‌دت بۆ وه‌ده‌ست نایه! دروشمی ستراتیژیکی ئه‌حزابی سیاسی کورد ئه‌وه‌ی نه‌گرتۆته‌وه! پێویسته بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانی گه‌ل هه‌نگاوی ورد و پته‌و هه‌ڵبهێندرێته‌وه. هه‌نگاوێک که پاشه‌کشه و هه‌ڵخلیسکانی تێدا نه‌بێ! کورد زۆر له مێژه به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتووه که له ئێران نابێ به ته‌نیا رزگاری بێ! وه ناشێ به‌بێ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران. له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان رێککه‌وت و پاشان دروشمی سه‌ره‌کی حیزب بوو به " دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" دێموکراتیزه کردنی ئێران و مافی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێرانێ وه‌پێش کوردستان خستووه! ئێستا دروشمی زۆرێک له ئه‌حزاب بۆته فیدراڵی و داوای فێدراتیو بوونی ئێران ده‌که‌ن. به پێی ئامانجه دیاریکراوه‌کان له کۆنگره ده‌بێ کار بکا!. ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی ئه‌و ده حیزبه ئاماده‌یان کردووه، یه‌که‌م هه‌نگاوه به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌ی دڵخوازی گه‌لانی ئێرانه. هه‌نگاوێکه که پێی له‌سه‌ر کلکی پاوانخوازان دانراوه و هاواریان لێ بڵیند بووه. ئه‌وه‌ی که قۆرغ کردنی ده‌سه‌ڵاتی له ناوه‌ند ئه‌ستاندۆته‌وه، پێکهاته‌کان له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی خۆیان، خۆیان به‌رێوه‌به‌ر ده‌بن، له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیشدا به‌هاوبه‌شی کارده‌که‌ن. گه‌وره‌ترین کار و ده‌سکه‌وته. ئه‌وه هه‌نگاوێکه له ئاراسته‌ی به دێموکراتیزه کردن و به فێدراتیو کردنی ئێران. پێویسته ئه‌وه‌نده باسی دێموکراتیزه کردن و فیدراڵی بکرێ ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵیان دابنیشین و به گوێیاندا بخوێنین هه‌تا ناوه‌ندگه‌راکانیش گوێی بۆ کللۆر بکه‌ن و ملکه‌چی بن. ئه‌وه‌ش به هه‌موو ئه‌حزابی سیاسی که باوه‌ڕیان به دێموکراسی و ئازادی و مافی پێکهاته‌کانی ئێران هه‌یه دێته ئاراوه.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.