کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی فوولادی خووزستان بەهۆی هێرشی سایبێری داخرا

17:28 - 6 پووشپەڕ 2722

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی٧ـی پووشپەڕی ١٤٠١، شیرکەتی فوولادی خوزستان ڕایگەیاند کە هێرشی سایبێری کراوەتە سەر ئەو شیرکەتە و بەهۆی کێشەی تەکنیکی توانایی درێژەدان بە چالاکییەکانی نییە و هەتا ماوەیەک دادەخرێت.

لە ئێستادا ماڵپەڕی ئەو شیرکەتە لە حاڵەتی دەستپێڕاگەیشتن چووەتە دەر بەڵام ئەو شیرکەتە لە کاناڵی تێلێگرامی خۆی ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشە سایبێرییە بەهۆی "پچڕانی کارەبا و ڕاگیرانی هێڵی بەرهەمهێنان"، تووشی زیان نەبووە.

شیرکەتی فوولادی خووزستان بۆ ماوەیەکی نادیار بەهۆی کێشەی تەکنیکی چالاکییەکانی خۆی ڕاگرتووە بەڵام وردەکاری تایبەت لە بارەی ئەو کێشانەوە نەخستووەتە ڕوو.

هێرشی سایبێری بۆ سەر ژێرخانە گرینگ و هەستیارەکان لە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە یەک لەوان هێرشی سایبێری بۆ سەر بێنزینخانەکان لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٠ و هێرش بۆ سەر سیستەمی شارەداری تاران لە ١٢ی جۆزەردان بوو.