کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتە ئاڵمانی و سویسییەکان هاوکاریی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانیان کردووە

11:41 - 14 بەفرانبار 2721

ڕۆژنامەی "نویە تسورشر" یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سویس بڵاوی کردووەتەوە شیرکەتە ئاڵمانی و سویسییەکان نەخشێکی گرینگیان لە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێراندا هەبووە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بە پەیوەندیی چڕوپڕی ناوکیی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ وڵاتی "پاکستان" کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە قۆناغی یەکەمی دەسپێکی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوییەوە دەستی پێ کردووە و لەو ساڵەدا هەیئەتێک لە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە هوتێلێکی شاری "زوریخ" لەگەڵ "عەبدولقەدیرخان" و بەشێک لە نوێنەرانی ئورووپایی چاوپێکەوتنیان هەبووە.

"عەبدولقەدیرخان" دوای چەندین ساڵ لە وڵاتەکەی "بە باوکی بۆمبی ناوکیی پاکستان" ناوبانگی دەرکرد.

"نویە تسورشر" لە درێژەدا بڵاوی کردووەتەوە هەیئەتی ڕێژیمی "تاران" بە سەرپەرەستیی "مەسعوود نەراقی" کە ئەندازیارێکی مکانیک بوو لە سەفرێکدا بۆ "سویس" لەگەڵ دوو ئەندازیاری سویسی و ئاڵمانی بەناوەکانی "گوتهارد لێرش و هاینز مبوس" دانوستانیان هەبووە.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە "نەراقی" دوکتورای لە ئامریکا وەرگرتبوو و بەشێوەی کاتی لە ڕێکخراوی فەزایی ئامریکا، "ناسا"دا کاری کردووە.