کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتە فڕۆکەوانییەکان، ئاسمانی ئێران بە نائەمن دەزانن

12:28 - 1 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: چەند شیرکەتێکی فڕۆکەوانی، هەر چەشنە فڕینێکیان بەسەر ئاسمانی ئێراندا، بەهۆی نائەمنبوون، قەدەغە ڕاگەیاند.

دوای قەدەغەکردنی فڕینی فڕۆکە موسافیربەرییەکانی ئامریکا، لە لایەن ڕێکخراوی فیدراڵی هەوانەوەردیی ئامریکاوە، چەند شیرکەتێکی تری فڕۆکەوانی، قەدەغەی فڕینیان بەسەر ئاسمانی ئێراندا ڕاگەیاند و داوایان لە فڕۆکەکانیان کردووە کە خۆیان لە فڕین بەسەر ئاوەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا ببوێرن.

ئەو شیرکەتانەی کە فڕینی فڕۆکەکانیان بەسەر ئاوەکانی ئێراندا قەدەغە کردووە بریتین لە: "شیرکەتی فڕۆکەوانیی کەی ئێڵ ئێم، شیرکەتی بریتیش ئەیرویز، شیرکەتی لوفت هانزای ئاڵمان، فڕۆکەکانی مالیزی، شیرکەتی ئوسترالیایی کاناتس، فڕۆکە ژاپۆنییەکان، یونایتد، دەلتا، فڕۆکەکانی سەنگاپوور، نۆروێژ و سوئید."

ئەم شیرکەتانە هەر یەکەیان لە ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕایانگەیاندووە کە فڕین بەسەر ئاوەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران و ئاسمانەکانی ئەو وڵاتە تا کاتێکی نادیار قەدەغەیە و ڕێڕەوی فڕینەکانیان گۆڕیوە.

بەهۆی ڕوودانی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە لە کەنداودا و خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئامریکا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هەروەها چوونە سەری ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئامریکا و ئێراندا، ناوچە و ئاسمانەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، نائەمن بووە.