کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتە نەوتییەکاکانی ئورووپا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کار ناکەن

10:52 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا:  بەشێک لە شیرکەتە نەوتییەکانی ئورووپا، هاوکاریی بازرگانیی نوێ کە لە لایەن ئورووپاوە لەگەڵ ئێران دیاری کراوە، ڕەت کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە کاتێکدا کە یەکیەتیی ئورووپا بۆ بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕێگا و بەرنامەی نوێی دیاری کردبوو، بەڵام شیرکەتە نەوتییەکانی ئەو یەکیەتییە، لە ترسی سزاکانی ئامریکا ئەو بەرنامە بازرگانییەیان ڕەت کردەوە.

لەو بەرنامەیەدا، یەکیەتیی ئورووپا دیاری کردبوو کە ئێڕان دەتوانیت نەوتی خۆی بۆ ئورووپا هەناردە بکات.

پێشتریش "پاتریک پوویانە"، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای "تۆتاڵ" گوتبووی: " ڕوون نییە کە دەوڵەتی ئامریکا وڵامی ئەرێنی بداتەوە بەو داواکارییەی ئێمە کە چاوپۆشی لە کۆمپانیای تۆتاڵ بکات گەمارۆی ئابووری نەخاتە سەری، هەر بۆیەش لە ئەگەری وڵامی نەرینی ئامریکا ئێمە ناچارین چالاکییە ئابوورییەکانمان لە ئێران هەڵپەسێرین ‌و لەو وڵاتە پچینە دەرەوە".

کۆمپانیای تۆتاڵ هەتا ئێستا نزیکەی ٤٠ میلیۆن یۆرۆی لە پرۆژەی گەورەی وزە لە ناوچەکانی باشووری ئێران خەرج کردووە و بە کشانەوەی یەکجارەکی لە ئێران و هەڵوەشانەوەی گرێبەستەکانی، بۆشاییەکی گەورە لە بواری نەوت، گاز و وزە بۆ پرۆژەکانی ئێران ساز دەبێت.

 شیرکەت و ناوەند بازرگانییەکانی جیهان لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام یەک لە دوای یەک ئێران بەجێ دێڵن.