نەوید کەرەمی
گۆڕانکارییەکان لە ژیان و پێوەندییەکاندا کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان لەسەر داخوازی و چاوەڕوانیی تاکەکان بەنیسبەت کرداری دەسەڵات و حکوومەتەکان داناوە، هەڵسوکەوتی پاوانخوازانە، سەرەڕۆیی و کردەوەی دیکتاتۆرانەی دەسەڵاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی دەسەڵاتەکان لە خەڵک و پەنگخواردنی ڕق و قینی کۆمەڵگا لەو دەسەڵاتانە کە تەنانەت لە چووکەترین دەرفەتدا ئەو ڕق و بێزارییەی خۆیان نیشان دەدەن.
لە ئاکامی ئەو ڕقە پەنگخواردووی خەڵک بوو کە ڕێکەوتی ١٨ی دێسامبری ٢٠١٠ لە توونس، یەکەم چەخماخەی هەستانەوەی خەڵک دژ بە دیکتاتۆرییەت و سەرەڕۆیی دەسەڵاتی "زەینەلعابدیبن بن عەلی" دەستی پێکرد و بەخێرایی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییانە بە داخوازی بۆ ڕووخانی دیکتاتۆرەکان و گۆڕینی دەسەڵات و بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک، میسر، لیبی، یەمەن و سووریە و چەندین وڵاتی دیکەی گرتەوە.
بەداخەوە ئەو زەنجیرە خۆپیشاندانانە کە سەرەتا بە بەهاری عەرەبی ناوی دەرکرد، هەر زوو لە لایەن وڵاتانی وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ بەدەسەڵاتگەیاندن یان مانەوەی لایەنگرانی خۆی دەستێوەردانیان تێدا کرا و لە ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆیان کە دژ بە گەندەڵی و بە ئامانجی پیادەکردنی دێموکراسی لەو وڵاتانەدا دەستیان پێکردبوو، لایان دا و بە هاتنەمەیدانی ئیسلامگەراکان شاڵاوی شەڕ و خوێن شەقامەکانی گرتەوە.
زلهێزان و لایەنگرانی دێموکراسی و مافی نەتەوەکان ئەگەرچی سەرەتا دەنگی خۆیان خستبووە پاڵ دەنگی ناڕازیی خەڵک و پشتگیرییان لەو خەڵکە ناڕازییە دەکرد، بەڵام پاش هاتنەمەیدانی ئیسلامگەرایی توندئاژۆ و کوشتن و سەربڕینی بێبەزەییانەی خەڵک، پاشەکشەیان کرد و بەهاری عەرەبی گۆڕدرا بۆ شەڕی دەسەڵات و قەبزەکردنی بەرژەوەندییەکان، تەنانەت بە قیمەتی وێرانیی وڵاتەکان و کوژران و ماڵوێرانبوونی بە ملیۆنان خەڵکی بێتاوان شەڕەکان هەنووکەش هەر درێژەیان هەیە.
ئەتککردنی نامووس و سەربڕین لە پێش چاوی کامێراکان و بڵاوکردنەوەی ئەو دیمەنانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەموو جیهانی تاساند و مافی مرۆڤ و لایەنگرانی دێموکراسی تووشی شۆک و بێهۆشی بوون، هەڵتۆقینی داعش بە فیکرییەتی سەدەنێوەڕاستی و ڕاگەیاندنی حکوومەتەکەی لەسەر بەشێک لە خاکی سووریە و عێراق جیهانی بۆ کۆنترۆڵکردن و سڕینەوەی ئەو دەسەڵاتە خۆفناکە لە بەرەیەکدا بە سەرکردایەتیی ئامریکا کۆ کردەوە.
ئەگەرچی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە هەواڵی کۆتاییهاتنی داعشی بە لەدەستدانی دوایین بنکەی لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات، بڵاو کردەوە، بەڵام وادیارە فیکرییەت و پاشماوەکانی داعش و لێکەوتەکانی، ئەنجامدان و بڵاوبوونەوەی ئەو کردارە قێزەونانە هەر کۆتاییان نەهاتووە.
کاتێک دیاردەی بەکەنیزکردنی ئافرەتان، دەستدرێژی و سەربڕینی مرۆف لە ڕێکخراوێکی وەکوو داعش دەبیندرا، بەو هۆیەی کە ئەو کردارانە لە لایەن ڕێکخراوێکی تیرۆریست و نافەرمییەوە ڕوویان دەدا، دەکرا وەکوو هەڵەیەکی مێژوویی لە سەدەی ٢١ چاوی لێوە بکەین، بەڵام دەرکەوتن و دووپاتبوونەوەی هەمان کردەوەی سەربڕین لە لایەن سەربازانی وڵاتێکی فەرمی و ئەندامێکی ناتۆ وەکوو تورکیە چۆن تەوجی دەکرێن، جگە لەوەی بڕیاردەران و خولقێنەرانی ئەو کردەوانە بە "شەرمی سەدە" ناو ببرێن و جیهان نەتەنیا ئەو کردەوانەی تورکیە و سەربازەکانی شەرمەزار، بەڵکوو بایکۆت و سزایشی بدەن.
لەم نێوانەدا و پاش بەسەرهاتەکانی کۆماری کوردستان، قاڕنێ و قەلاتان، هەڵەبجە، شەنگال، کەرکووک، کۆبانی و سەریکانی، پاش بینینی سەری بڕدراوی کچان و کوڕانی کورد بە دەست دوژمنە دڵڕەقەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، ئەسەد، داعش و... هتد، پاش بینینی بێدەنگیی زلهێزانی جیهانی و ناوەندەکانی مافی مرۆف دەرحەق بە جینایەتەکانی کوردستان، با چیدیکە کورد پشت و پەنا بە هیچ داگیرکەرێک و هیچ وڵاتێکی بیانی و زلهێزێک نەبەستێت، حوزووری داگیرکەرانی کوردستان لە خاکی کوردستان و چەپڵەلێدانیان بۆ هێزێکی کوردی، جگە لە زیادکردنی تووی دووبەرەکیی نێوماڵی کورد و تاڵانکردن و کاولکردنی کوردستان هیچی دیکە نییە، یان بوونی زلهێزان لە وڵاتەکەمان و هێنانی ناوی کورد و کوردستان تەنیا و تەنیا بۆ سوود و بەرژەوەندیی زیاتردایە.
ئەدی ئەگەر بۆمان دەرکەوتووە کە دوژمنەکانمان لە ئاست داگیرکردنی کوردستان و کوشتن و سەربڕینی کورد یەکگرتوو و بێبەزەیین و ئیدئۆلۆژییەکەشیان خوێنی کوردی حەڵاڵ کردووە، ئەی گەلۆ کاتی ئەوە نەهاتووە کە کورد بۆ پاراستنی خاکی کوردستان خۆی لەباوەش بگرێت و بە قەبووڵکردن و پابەندبوونی بە فیکرییەت و یاساکانی نەتەوەپەروەری بۆ گەلەکەی، سەرەڕای هەبوونی هەموو جیاوازییەکان، پاراستنی سەروەری و سنووری کوردستان بکاتە هێڵی سوور بۆ هەموومان و پێکەوە بەگژ داگیرکەرانی دەرەکی و نەفسنزمان و خۆفرۆش و گەلفرۆش و خاکفرۆشانی نێوخۆییدا بچینەوە؟
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.