کوردستان میدیا

شەممه 14ی پووشپەڕ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەرەفکەندی شکۆی شۆڕش

16:21 - 21 بەفرانبار 2719

وڵات زاگرۆس

دوکتور سادق شەرەفکەندی لە تورمەی ئەو رێبەرانە کە باوەڕێکی قووڵی بە شۆرش _بێ هیچ وەهمێک، بەو واتایە بەشێک لە داگیرکەران بە باش بزانێ _دژ بە داگیرکەرانی زاگرۆس بووە و لەم پەیوەندییەدا هەوڵی داوە بە پشت بەستن بە گەلی خۆی و لە هەمان کاتدا خولقێنەر بوونی دەرفەتی شۆڕشگێڕانە و نەکەوتنە ناو دۆخی چاوەڕوانییەوە و بە گرتنەبەری رێبازێکی شۆڕشگێڕانەی سەربەخۆ وڵاتەکەی لە کلۆنیی داگیرکەران ڕزگار بکات.

پێناسەیەکی کورتی شۆڕش

وشەی شۆڕش بە واتای ئاڵوگۆڕی بنەڕەتییە و دەکرێ لە هەموو چەمکەکاندا بۆ ئاماژە بە گۆڕینی بناغەیی و سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێ و جیاواز لە بگاری پێشوو کەڵکی لێ وەربگیرێت، وەک شۆڕشی کولتووری، شۆڕشی پیشەیی و شۆڕشی زانستی و هتد. "داریوش ئاشووری" لە کتێبی زانستنامەی سیاسیدا دەڵێت: ئەم وشە سەرەتا لە زانستی گەردونناسیدا و بۆ بزوتنی ئەستێرەکان و هەتاو کەڵکی لێ وەرگیراوە و لە سەدەی حەڤدەیەمی زایینییەوە لە ئورووپادا و پاشانیش لە سەرانسەری دنیادا بۆ ڕاپەڕینی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکار هاتووه.[1]

هەنووکە کاتێک وشەی شۆڕش بەکار دێت نزیکترین مانایەک کە دەگاتە زەینی مرۆڤ یان لانیکەم مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی واتا سیاسییەکەیەتی و لە گۆڕانی دەسەڵاتدا خۆی وێنا دەکات. رووداوێکی بناغەیی کە لەودا چوارچێوەی کۆن لەنێو دەچێت یان بەرەو لەنێوچوون دەچێت و روانگە کۆنەکان و دەموچاوە کۆنەکان جێگەی خۆیان بە روانگەی نوێ و دەسەڵاتداری نوێ دەدەن[2]. "هانا ئارێنت" لەسەر ئەو باوەڕەیە کە واتای نوێی شۆڕش لەو روانگە جیا ناکرێتەوە کە رەوتی مێژوو لە ناکاودا سەرلەنوێ دەست پێدەکات و چیرۆکێکی تەواو نوێ کە هیچکات نەوتراوە یان نەزانراوە بە زوویی دەست پێدەکات[3].

ریفۆرم و جیاوازییە بنەڕەتییەکانی لەگەڵ شۆڕش

لە هەڤبەر ئەم وشەدا وشەی ریفۆڕم یان چاکسازی دێت. لە مانا سیاسییەکەیدا بۆ چاککردن یان کەمکردنەوەی کەموکوڕیەکانی سیستمی سیاسیی دەسەڵاتدار کەڵکی لێ وەردەگیرێت و ریفۆرمخوازان ئەو کەسانەن کە هیوایان بە ئاڵوگۆڕ لە سیستمدا هەیە و پێیان وایە یاسای بنەڕەتیی وڵات ئەو دەرفەتەیان پێ دەبەخشێ ئەو چاکسازییانەی کە بڕوایان پێیەتی بە گوشار خستنە سەر دەسەڵات وەدی بێنن و قۆناغ بە قۆناغ لە ئامانجەکانی خۆیان نزیک ببنەوە.[4]  کەوایە هیوا بە گۆڕانی دەسەڵات و سیستمی بەڕیوەبەرایەتی قۆناغ بە قۆناغ و لە درێژماوەدا خاڵی بنەڕەتیی جیاکەرەوەی شۆڕش و ریفۆرمن لە یەک تر و بێ‌هیوایی بە چاکسازی لەنێو دەسەڵاتدا و چاوەڕوان نەمانەوە بۆ داهاتوویەکی نادیار شۆڕشگێڕان لە ریفۆڕمخوازان جیا دەکاتەوە.

ئەم پێناسە کورتەی کە لە شۆرش و ڕیفۆرم کردمان دەروازیەکە بۆ باس کردن لە رێبەرێک کە پێی وابوو گۆڕین لە سیستمی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی نییە و بەم پێیە رێبەرێکی ریفۆرمخواز نییە و  لەم پێوەندییەدا لە ژمارەی ١٥٢ی رۆژنامەی کوردستاندا دەنووسێت[5]: "لە سایەی هاو پەیوەندی و یەکیەتی کردەوەدا رێژیمی ڕەشی ئاخوندی، نوێنگەی تەواوی کۆنەپەرەستی کوێرانە و سەرەڕۆیی وەحشیانەی سەدەکانی نێوەڕاست فڕێ دەینە ئەو جێگایەوە کە دەبێ بۆی فڕێ درێ، واتە نێو زبڵدانی مێژوو". ئەم نووسینە بە روونی دەری دەخات کە دوکتور شەرەفکەندی هیچ  هیوایەکی بە داگیرکەر و گۆڕان لە هزریاندا بەرامبەر بە نەتەوەکەی نییە و تەنیا رێگەچارە لە رووخانی رێژیم و فڕێدانی بۆ نێو زبڵدانی مێژوو دەزانێ.

ڕوانینی ئەرەستوو بەرامبەر بە شۆڕش

شۆڕش هەر لە سەرەتاوە زەینی بیرمەندانی بە خۆوە خەریک کردووە و لە ڕوانگەی ئەرەستووەوە شۆڕش پێکهاتوو لە دوو گۆڕانی سیاسییە، یەکەم گۆڕان لە ڕێڕەوی بنەڕەتی رێکخراو یان دەسەڵاتدا کە دەکرێ وەک یاسای بنەڕەتی لێکی بدەینەوە و دووهەم گۆڕینی کەسانی دسەڵاتدار[6].  لەم ڕوانگەوە ئەگەر لە نووسینەکانی شەرەفکەندیی رێبەر رابمێنین، بۆمان دەردەکەوێ چەندە ژیرانە و بە ڕوونی و بێ هیچ دوو دڵی و وەهمێک لە هەڤبەر داگیرکەر دا خوازیاری شۆڕشە و نەک ریفۆڕم و پێی وا نییە یاسا یان کەسانی دەسەڵاتدار توانای دەستەبەر کردنی مافی نەتەوەی ئاخ داگیرکراوی کوردیان هەبێ.

دوکتور شەرەفکەندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە یاسایەک لە ئێراندا لە واتا راستەقینەکەیدا بوونی نییە و هەرکام لە مەلاکان یان ئاخوندەکان بە خواستی خۆیان ئەو یاسا ناڕوون و دژە مافەکانی مرۆڤە لێک دەدەنەوە و لەم بارەوە دەبێژێت: "بە وتەیەکی روونتر لە رێژیمی ئێستای ئێراندا، دیارە بە ڕواڵەت قانوونێکی ئەساسی هەیە کە چوارچێوەی قانونیی بۆ بەڕێوەبەری وڵات دیاری دەکا و بەپێی قاعیدە هیچ کار و هیچ قانونێک و بڕیاریک نابێ لەو چوارچێوە دەربچێ. بەڵام لە عەینی کاتدا رێژیم، رێژیمێکی مەزهەبیە و هەموو قسە و ئیددعای ئەوەیە کە کاروباری وڵات دەبێ لە چوارچێوەی قانوون و ڕێوڕەسمی ئیسلامیدا بێ و بەس. لە ئاکامدا قانوونی ئەساسیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە واقیعدا قانوونەکان و ڕێوشوێنەکان ئیسلامین کە شارەزا و پسپۆڕ لەو قانوونەشدا ئاخوندەکانن و لەبەر ئەوەی هەر ئاخوندێکی پایەبەرز دەتوانێ بە تێگەیشتنی خۆی ئەو قانوونە لێک بداتەوە و بۆچوونی تایبەتی لەسەر بدا. ئەو دۆخە بە کردەوە ماناکای ئەوەیە کە قانوونی وڵات لە ئەسڵدا بریتییە لە بڕیار و نەزەری ئاخوندەکان، نەک ئەو شتەی ناوی قانوونی ئەساسیی لەسەر دانراوە. رێژیمی ئاخوندی لە ڕاستیدا بێ قانوونترین رێژیمی دنیایە. هەر بۆیە چ قانوونی ئەساسی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ، چ وەک خۆی بمێنێ، بە کردەوە ئاڵوگۆڕێکی بەرچاو کاریگەر لەو وەزعە شپرزە و بێ سەروبەریەدا پێک نایە. چونکە لەم رێژیمەدا تەواوی دەسەڵات و ئیختیارات بە ڕەسمی لەدەستی ویلایەتی فەقیهدایە کە ئەویش لەلایەن خەڵکەوە دیاری ناکرێت"[7].

بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانم خواست و ئیرادەی خوایی سەرچاوەی تەواوی ئیرادەکانە و دەسەڵاتی بەسەر بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانەوە هەیە، بە چەشنێک کە ڕەوایی هەر چەشنە کردار و بڕیاریک لەلایەن دەسەڵاتەوە گرێدراوی خواستی خواییە. ئەم ئیرادە مەزن و گەورەیە لە چوارچێوەی ڕێبەری و رێنیشاندەری ویلایەتی فەقیەوەیە و یاسا ئیسلامییەکان لەلایەن کۆڕی نگابانەوە بە عەینییەت دەگا[8].

کەسێک ئەگەر یاساکانی کۆماری ئیسلامیی دیتبێت، جگە لە بەندەکانی کە دژ بە مافەکانی مرۆڤن و بەتەواوی لەگەڵ بایەخە ئینسانییەکان دژبەرن و بناغەن بۆ هەڵاواردن وەک ئەسڵی دوو، دوانزە...یەکێکی دیکە لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی یاسای کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە وەک دوکتور سەعید بە دروستی ئاماژەی پێکردووە ،دەکرێ یاساکانی کۆماری ئیسلامی شیکردنەوەی جیاوازی لێبکرێت و لە هەموو دۆخێکدا لە قازانجی مانەوەی دەسەڵاتدا کەڵکی لێ وەربگیرێت، بۆ نموونە: لە ئەسڵی ٢٦ـەمدا هاتووە: "حیزب یان ئەو کەمینە ئایینییانەی کە لە یاسای بنەڕەتیدا ئاماژەیان پێکراوە، ئازادن بەڵام بەو مەرجەی کە بنەماکانی سەربەخۆیی، ئازادی، یەکیەتیی نەتەوەی، ڕێوشوێنی ئیسلامی و بناغەی کۆماری ئیسلامی نەخەنە مەترسییەوە"؛ یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئاخنراو لەم وشانەن بێ ئەوەی ماناکەیان بە ڕوونی دیاری کرابێت: "سەربەخۆیی، ئازادی، یەکیەتیی نەتەوەی، ڕێوشوێنی ئیسلامی و بناغەی کۆماری ئیسلامی..." کە لێکدانەوە و راڤەی جیاواز هەڵدەگرن و وەک دوکتور سەعید دەبێژێت هەر کەس دەتوانێ بە خواستی خۆی شیی بکاتەوە و دیاریشە یاسا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە شی دەکرێتەوە و لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا نەبینراوە کە ئەم وشانەی کە شی کردنەوەی جیاواز هەڵدەگرن بە قازانجی خەڵک راڤە کرابن.

یەکێکی دیکە لە گرفتەکان کە وەهمی ئاڵوگۆڕ بە قازانجی خەڵک لە کۆماری ئیسلامیدا دەڕەوێنێتەوە ئەوەیە کە لە ماوەی چل ساڵی دەسەڵاتداریەتیی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئاواتی هەندێ کەس و بە واتایەک نەک ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی بەڵکوو پاش چل ساڵ جێبەجێکردنی خودی  ئەو یاسایانەیە کە هێشتا جێبەجێ نەکراون، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە ئاخۆ رێژیمێک پاش چل ساڵ نەیتوانبێ هەندێ لە ماددەکانی یاسای بنەڕەتیی خۆی وەک ئەسڵەکانی سێ، نۆ، نۆزدە، بیست و هتد جێبەجێ بکات و هەندێکی دیکە کە مافی سەرەتای هەموو مرۆڤێکە و تا ڕادەیەک جێبەجێ کرابوو، وەک ئەسڵی سی کە باس لە خوێندی خۆڕایی تا قۆناغی دواناوەندی دەکات، خەریکە بەرە بەرە لە بیر دەچێتەوە و خوێندن لە زۆربەی هەر زۆری قوتابخانەکانی ئێران بە پارەیە و بە کردەوە منداڵانی چینی هەژار لە خوێندن بێبەش دەکات، چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانێ ئاڵوگۆڕ  لە بەرژەوەندیی خەڵک لە خۆیدا وەدی بێنێت؟ ئەمە جگە لەوەیە کە خودی خوێندن لە ئێراندا و بەهۆی زمانی فەرمیی فارسییەوە کە زمانی زیاتر لە شەست لەسەدی خەڵکی ئێران نییە، بناغەی گەورەترین هەڵاواردنە دژ بە نەتەوەکانی ئەم یەکە سیاسییە.

لێردەدا ڕەنگە هەندێ کەس و بەتایبەت ئەوانەی کە باوەڕیان بە ڕیفۆڕم لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا هەیە یان بەشێک لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە باش دەزانن و لە نێوان بەڕێوەبەراندا سنووری باش و خراپ دادەنێن، ئەو باسە بێننە گۆڕێ کە شەرەفکەندی نزیک بە سێ دەیە بە جەستە نەماوە و ناتوانین بڕیارەکانی و بۆچوونەکانی بۆ ئەمڕۆکە بەکار بێنین! ئەگەر بمانهەوێ بە کورتی وڵامی ئەم بابەتە بدەینەوە، دەبێ ئاماژە بەو ڕاستییە بکەین کە لە پاش شەهیدکرانی دوکتور سەعیدەوە تا هەنووکە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆماری ئیسلامی کە خۆی لە سەرۆک کۆماردا دەبینێتەوە ئەوە خەریکە نزیک دەبێتەوە بە دوو دەیەی بە دەست ڕیفۆرمخوازنەوە بوو، ئاخۆ تەنانەت توانیویانە خودی یاسا بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ بکەن؟ بەڕاستی ئەو ئاڵوگۆڕانە کامانەن کە ئەم ریفۆرمخوازانە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بەڕێوەیان بردبێت؟ ئەگەر گۆڕان قوناغ بە قۆناغە و دەکرێ چاوەڕوان بمێنینەوە، ئەوە کام قۆناغە کە ریفۆرمخوازان بڕیویانە و لە ئازادی و دادپەروەری خەڵکیان نزیک کردووەتەوە؟ بە ڕاستی وڵامێک بۆ ئەم پرسیارانە بەدی ناکەم بۆ ئاماژە کردن بە پێک نەهاتنی ئاڵوگۆڕ لە کۆماری ئیسلامیدا و  درێژ نەبوونەوەی بابتەکە، تەنیا ئاماژە بە چەند نموونە دەکەم.

هەر وەک پێشتر باسمان کرد تەنانەت بەڕێوەبردنی یاسای بنەڕەتی سەرەڕای هەموو کەموکۆڕیەکانی بۆ  هەندێ کەس بووەتە ئاواتێکی شیرین و لە هەمان کاتدا ئەگەر سەیری مێژووی کۆماری ئیسلامی بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە لە جیاتی کرانەوەی قۆناغ بە قۆناغ بە پێچەوانەوە تا هاتووە حەڵقەی بەڕێوەبەرایەتی ئەم دەسەڵاتە چوکەتر_بە واتای یەک \دەست بوونەوە_ بووەتەوە هەتا تەمەنی درێژتر دەبێت دەسەڵاتداران یەکدەستتر دەبن، لەم پەیوەندییەدا لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێمۆکرات، مستەفا هیجری، لە کۆبوونەوەی ڕێبەرانی بەشێک لە حیزبەکانی خۆرهەڵاتی نیشتمان لە ناوندی مێریدا دەبێژێت: "کۆماری ئیسلامی جیاوازیی بیر و بۆچوون قەبووڵ ناکات، نە لە کورد نە لە نزیکترین کەسایەتیی سەر بەو رێژیمە". لەم پەیوەندییەدا دەتوانین باس لە چەندین رێکخراوە بکەین کە سەرەتا هاوپەیمانی ویلایەتی فەقیە بوون و پاشان لە دەسەڵات دوور خرانەوە و تەنانەت کەوتنە بەر شاڵاوی کوشتن و گرتن و پاکتاوکردن، وەک نێهزەتی ئازادی، حیزبی تودە، بەشێک لە چریکە فیداییەکان و... هەر لەم پەیوەندییەدا دەکرێ ئاماژە بە سەدان کەسایەتی بکەین کە بەرچاوترینیان سەرۆک وەزیران و دواتر سەرۆک کۆمارەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامین کە زۆربەیان لە هەڵبژاردەنەکاندا هەڵبژێردراوی ئەو کەسانە بوون کە زۆرینەی دەنگدەرانیان پێک دەهێنا، ئێستا کە کەوتوونەتە بەر غەزەبی ویلایەتی فەقیە و تەنانەت دەرکەوتینیشیان لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا قەدەغەیە. ئاخۆ  گەلۆ دەکرێ بڵێن لە وەها دۆخێکدا بۆچوونەکەی دوکتور شەرەفکەندی کە دەبێژێت: ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی ئەگەر قەرارە پێک بێ، ئەو ئاڵوگۆڕە بریتییە لە لابردن و فڕێدانی سیستمی ویلایەتی فەقیهی و بەس . غەیری ئەوە هەر کارێکی دیکە لە شانۆسازی و ڕەنگ گۆڕینێکی ڕواڵەتی پتر تێناپەڕێ[9]. بۆ سەردەمی ئەمڕۆ نابێت و بارودۆخەکە گۆڕدراوە؟

کەوایە تەنیا رێگەیەک کە لە هەڤبەر تاکەکانی نیشتمانی داگیرکراوی زاگرۆسیدا دەمێنێتەوە تێپەڕینە لە کۆماری ئیسلامی کە بەداخەوە ناسینی مێژووی کۆماری ئیسلامی ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە تێپەڕین لەم دەسەڵاتە بێ توندوتیژی یەکجار زەحمەتە.

شۆڕش پێویستی بە توندوتیژییە

ڕاپەرینی خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گران بوونی بەنزین لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا کە زۆربەی نزیک بە تەواوی شارەکانی یەکەی سیاسیی ئێرانی گرتەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە دڕندانەترین شێواز سەرکوت کرا و وەک لە گرتە ویدئۆیەکاندا دەردەکەوێ رێژیم بۆ سەرکوتی خەڵک و مانەوەی دەسەڵاتەکەی تەنانەت کەڵکی لە چەکی قورسیش وەرگرتووە، وەک لەم فیلمانەدا دەبیندرێ لە شەقامی هەندێ شار بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک تانک و هەلیکۆپتێریش بەکار هاتووە. هەر لەم پەیوەندییەدا رۆژنامەی رویتێرز لە زاری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤەوە دەنووسێت: "هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بانی ماڵەکانەوە و لە هەلیکۆپتێرەکانەوە ناڕازییەکانیان کردووەتە ئامانج". بەپێی دوایین ڕاپۆرتی رێکخراوەی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە یازدەی سەرماوەزی ساڵی ٩٨دا، لە ناڕەزایەتییەکانی حەوتووی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا ٢٠٨ کەس کوژراون. کە گریمانە دەکرێ ژمارەی کوژراوان زۆر زیاتریش بێ، ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە ئێراندا لە ڕاستیدا ناڕەزایەتیی ئابووری بوو دژ بە گرانیی نرخی بەنزین، دەسەڵاتێک کە ناڕەزایەتییەکی ئابووری بەو چەشنە وڵام بداتەوە ئاخۆ دەکرێ بێ توندوتیژی بگۆڕدرێ یان مل بۆ داوای نەتەوەیی و سیاسیی خەڵک ڕابکێشێت.

کەمن ئەو مرۆڤانەی کە حەزیان لە کوشتن و شەڕ و وێرانی بێت، لە هەمان کاتیشدا ساویلکانەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتێکدا کە تەنیا زەبروزەنگ و توندوتیژی دەناسێت، باس لە گۆڕینی نەرم و نیان و دوور لە توندوتیژی بکەین، بە درێژایی مێژوو گەلی کورد گەلێکی داگیرکەر نەبووە بەڵام وەک دوکتور سەعید دەبێژێت: "زۆر بە ئاگاهییەوە بڕیاری یەکجاریمان داوە کە هەموو هێز و توانای خۆمان تەرخانی پێوانی رێگای دوکتور قاسملوو، یانێ رێگای خەباتی کۆڵنەدەرانە لە پێناو ئازادی و دێموکراسی و مافە ئینسانییەکاندا تا لەم رێگەیەدا- کە رێگەی سووری شەهیدانە- یان سەر بکەوین یان بە شانازییەوە وەک شەهیدە ئازیزەکانمان سەردابنێین. رێژیمی خوێنڕێژ و خوێنخۆری ئاخوندی بە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو دەری خست کە نایهەوێ لە نێوەڕۆکی ڕەش و لە ڕەفتار و کردەوەی دژی گەلی و دژی ئێرانی خۆیدا ئاڵوگۆڕ پێک بێنێ. بە کردەوە چالاکترین هێزی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی لە مەیدانی خەباتی چەکدارانە لە نێوخۆی ئێراندا بووین و هەین، ئاشتی خوازین و ئەگەر دەستمان بۆ چەک بردووە بۆ دیفاع لە خۆمانە، چونکە شەڕیان بەسەردا سەپاندووین. لە مێژە کە وتوویانە کە قەبووڵی زوڵم لە خودی زوڵم خراپترە"[10].  لەم بارەوە نێلسۆن ماندێلاش دەڵێت: دەسەڵاتداران جۆری خەبات دیاری دەکەن نەک ژێردەستەکان.[11]

لێکۆڵەرانی بواری شۆڕش زۆربەیان لەسەر ئەو باوەڕەن کە توندوتیژی بەشی سەرەکی و جیانەکراوەی بارودۆخی شۆڕشگێڕانەیە. "دان" دەڵێت: شۆڕش چەشنێک ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی جەماوەری، توندوتیژ و خێرایە. بە باوەڕی "هانتیگتۆن"، توندوتیژی ماکی سەرەکیی پێکهێنەری شۆڕشە. مارکسیستەکانیش بەگشتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە بێ توندوتیژی شۆڕش روو نادات[12]. هەر لەم پێوەندییەدا کاک دوکتور قاسملوو باس لەوە دەکات کە گۆڕان و رزگاربوون لەژێر دەستی کۆماری ئیسلامی بە نووسینی وتاریک و دانیشتن لە کافەکانی ئورووپا و بەخەیاڵ کردن وەدی نایەت". ئەم رێژیمە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد یان نووسینی چەند وتار لە دەرەوەی وڵات ناڕووخێت. ئەم رێژیمە دەبێ لە ڕێگای توندوتیژییەوە بڕوخێندرێ، جا ڕەنگە ئەم شێوازە توندوتیژە لە ڕێگەی ڕاپەڕینی چەکدارانەی شارییەوە بێت یان تێکەڵەیەک لە خەباتی چەکدارانەی شاری و شەڕی پارتیزانی گوندەکان یان مانگرتن و خۆپیشاندان و راپەڕینی خەڵک لە شارەکان، ناکرێ لە ئێستاوە دیاریی بکەین کە کامیان دەبێ، بەڵام لەوە دڵنیام کە رێژیم دەڕووخێت ئەویش لە ڕێگەی توندوتیژییەوە.[13]

"مائۆ" وەک رێبەری گەورەترین وڵات لە باری حەشیمەتەوە کە شۆڕش تێیدا ڕووی دا، دەڵێت: شۆڕش میوانییەک بۆ خواردنی شەو یان نووسینی وتارێک یان کێشانی وێنەیەک نییە... شۆڕش ناتوانێت شتێکی لەم چەشنانە ڕاحەت و ناسک و مێهرەبانانە بێت. شۆڕش هەستانەوەیە، کردارێکی توندوتیژە کە لە رێگەی چینێکەوە، چینێکی دیکە لە دەسەڵات دەهێرێتە خوارەوە[14].

دوکتور سەعید شەرەفکەندی لەم پەیوەندیەدا لە ژمارەی ١٤٥ی رۆژنامەی کوردستاندا دەنووسێت: "تا کاتێک زوڵم و زۆر هەبێ، تا کاتێک چەوساندنەوەی جۆربەجۆری چینایەتی، نژادی، مەزهەبی و جنسیەتی باو بێ، تا کاتێک دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی لە لایەک و یەخسیری و کۆیلەتی و دیلی و ژێر چەپۆکی و هەژاری لە لایەکی دیکە لە گۆڕێدا بێ، شەڕ و ناکۆکی هەر دەبێ و هەر دەشبێ ببێ. چەوسێنەر و زاڵم و سەرەڕۆ هیچکاتێک بە مەیلی خۆیان دەست لە چەوساندنەوە و زوڵم و دیکتاتۆری هەڵناگرن، مەگەر بە زۆری لە ئاکامی شکست لە خەباتێکی توندوتیژدا نەبێ. کەوابوو سوڵح و ئاشتیی گشتیی جیهانی و هەر لەو کاتەدا شەڕ و خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و بۆ لەنێوبردنی زوڵم و چەوساندنەوە، نەک هەر لێک جیاواز نین، بەڵکوو دوو لایەن و دوو ڕوانگەی یەک مەسەلەن کە یەکیان تەواوکەری ئەوی دیکەیە، ئەو مەسەلەیەش بریتییە لە ئازادی و بەختەوەریی مرۆڤ"[15].

رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیسانەوە ئەو ڕاستییە دووپات دەکەنەوە، دەسەڵاتداران بە ویستی خۆیان سەر بۆ داخوازییەکانی خەڵک نەوی ناکەن بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ئامادەن بە هەزاران و تەنانەت ملیۆنان کەسیش بکەنە قوربانی. ئەو دەسەڵاتانەی کە دەستیان بە خوێنی خەڵکی سوور دەبێ  ئەستمە بێ‌توندوتیژی و لە رێگەی ئاشتیخوازانەوە دەسەڵات ڕادەستی خەڵک بکەن و مێژووی کۆماری ئیسلامیش بەڕوونی دەریدەخات کە ئاشتیخوازانەترین و ڕەواترین داخوازیی خەڵک بە دڕندانەترین شێواز سەرکوت دەکات و ئەم ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەش هیچ کاریگەرییەک لەسەر کردەوەی کۆماری ئیسلامی دانانێن و لەم پەیوەندییەدا مستەفا هیجری دەبێژێت: "ئەگەر لە بیست ساڵی رابردوودا کەم و زۆر خەباتی مەدەنی بووە، ئێستا بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ تەئسیرێک لەسەر ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی دانانێت"[16]. کەوایە گەلی کورد دەبێ بیر لەوە بکاتەوە بە کەمترین نرخ وڵاتی خۆی لە کۆلۆناڵیزمی دەسەڵات ڕزگار بکات دەنا ئازاد بوون و سەربەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێ توندوتیژی و خەباتێکی شۆڕشگێڕانە ئیمکانی نییە و لە ڕاستیدا خەباتی شۆڕشگێڕانە و ناچار توندوتیژانە لە هەڤبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شەڕە لە پێناو دنیایەکی جوانتردا نەک شەڕ لە پێناو شەڕ و توندوتیژیدا.

دەرفەت خولقێن یان چاوەڕوان؟

"چەگوارا" لەسەر ئەو باوەڕەیە کە یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکانی جیاکەرەوەی شۆڕشگێڕ لە ناشۆڕشگێڕەکان ئەوەیە کە شۆڕشگێڕ دەرفەت دەخولقێنێ و چاوەڕوانی دەرفەت نامێنێتەوە، بەڵام ناشۆڕشگێڕان چاوەڕێی ئەوەن دەرفەتێک بخولقێ و کەڵک لەو دەرفەتە وەربگرن.

شەهید بوونی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو دەکرێ وەک مەزنترین هەرەسی حدکا ناو لێ بنێین لە مێژووی ئەم حیزبەدا پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، لەم کاتە هەستیارەدا شەرەفکەندی وەک جێگری کاک دوکتور قاسملوو پەیامێک بۆ هێزەکانی حیزب دەنێرێ کە لە کوردستاندا خەریکی چالاکی و خەبات بوون دژ بە کۆماری ئیسلامی و ئەم پەیامە هەر چەند کورتە بەڵام یەکجار پڕنێوەرۆک و گرینگە کە بریتییە لە: "دوکتور قاسملوو شەهید بوو، خەبات درێژەی هەیە"  و پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە شەرفکەندی نایهەوێ چاوەڕوان بمێنێتەوە و لەبەرامبەر هەرەسی مەزنی نەمانی قاسملوودا دەستەوەستان نییە و  بە باوەڕێکی قووڵەوە بە شۆڕش و ئەو ئەرکەی کە کەوتووەتە سەرشانی دەیهەوێ بە کرداری حیزبەکەی و بەردەوام بوون لەسەر ڕێچکەی شۆڕش دەرفەتی بەختەوەری خەڵک و ڕزگارییان لە کۆلۆناڵیزم بڕەخسێنێت.

شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو ماوەیەکی کەم پاش ئاگربەستی شەڕی نێوان عێراق و ئێران ڕووی داوە و هێشتا ئەم دوو وڵاتە بە تەواوی ڕێکنەکەتوون، بەڵام لە ساڵی شەست و هەشت بە دواوە و پاش ئەوەی کاک سەعید دەبێتە کەسی یەکەمی حدکا، بەندەکانی ڕێکەوتنی نێوان دوو دەسەڵاتی ئێران و عێراق دەچنە بواری جێ‌بەجێ کردن و دەسەڵاتی عێراق گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ڕێبەرایەتی حدکا کە نابێ درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن و لە سنووری عێراقەوە بۆ خۆرهەڵات پەڕێنەوە دژ بە کۆماری ئیسلامی چالاکی بەڕێوە بەرن و تەنانەت باس لەوەش دەکرێ کە دەسەڵاتی بەعس پیلانی ئەوەی هەبووە کە حدکا یان تەسلیم بە ئێران بکاتەوە یاخود ڕایانگوێزێت بۆ باشووری عێراق و لەوێ لە کەمپەکاندا نیشتەجێیان بکات.  ئەگەر تەنیا ئەم دوو فاکتەرە لە بەرچاو بگرین، یانێ نەمانی ڕێبەرێکی کاریزما و گوشاری وڵاتی عێراق کە تا ئەو کات وەک پشت جبهەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چاوی لێدەکرا (بەو مانا نا کە لەلایەن دەسەڵاتی عیراقەوە یارمەتیی حدکا دراوە بۆ خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، مەبەستم لە پشتی جبهە بوون ئەوەیە کە لانیکەم تا ئەو کاتە حدکا بێ ڕێگیرێکی ئەوتۆ کەمپەکانی خۆی لە سنووری نێوان باشوور و خۆرهەڵات دامەزراندبوو و لە خاکی ژێر دەسەڵاتی عێراق بۆ شوێنی ڕێبەرایەتی و حەسانەوە و تیمارکردنی پیشمەرگەکانی کەڵکی وەردەگرت) هەنگاو بە زۆر کەس شل دەکات و زۆر کەسی هێنا ئەو باوەڕەی کە ئەگەر بۆ ماوەی کاتیش بووە حدکا دەست لە خەبات و چالاکیی شۆڕشگێڕانە هەڵبگرێت و چاوەڕوانی کاتی گونجاو بمێنێتەوە، بەڵام شەرەفکەندیی رێبەر نەک ناچێتە دۆخی چاوەڕوانییەوە بەڵکوو ئەوپەڕی هەوڵی دەدات کە مەیدانی چالاکیی حیزبەکەی بەرفراوانتر بکاتەوە و لەم ڕێگەشدا سەرکەوتنی گەورە وەدەست دێنێت و لە هەندێ شوێندا پێشمەرگەی کوردستان شەڕی گەورە و دژ بە داگیرکەر بەڕێوە دەبەن کە تا ئەو کاتە لە مێژووی حدکادا شەڕی پێشمەرگە دژ بە داگیرکەران لەو شوێنانە ڕووی نەدابوو [17].  شەرفکەندیی مەزن لە جیاتی ئەوەی تەسلیمی بارودۆخەکە بێت و واز لە خەبات بهێنێت پرۆژەی چالاکتر کردن دێنێتە رۆژڤەوە و هەوڵ دەدات بە نیشتەجێکردنی ئەو کەسانەی کە توانای خەباتیان نەماوە لە کەمپەکاندا، حدکا بۆ خەباتێکی سەخت و درێژماوە ئامادە بکات و تێدەکۆشی هێزێکی پسپۆڕی پارتیزانی کە توانای شۆڕشی لە هەر قۆناغێکدا ببێت پێک بێنێت. بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە شەرەفکەندیی ڕێبەر لە هەمان کاتدا کە پێداگریی لەسەر خەباتی پێشمەرگانە دەکرد، زۆر بە وردی و ژیرانە ئەرک بۆ تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا دیاری دەکات و  دەنووسێت: ئەگەر لەسەر بەشداریی خەڵکی کوردستان لە جووڵانەوەی ئازادیخوازیی ئەمڕۆی کوردستاندا پرسیار بەم جۆرە بێتە گۆڕێ کە: ئەم بەشدارییە ئەرکی کێیە؟ بێشک وڵامەکەی ئەمەیە کە ئەرکی هەموو کەس، یان هەر کەسێک کە چووکترین  هەستی ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری هەبێ[18]. ناوبراو لە چەندین وتاری دیکەدا وەک: بۆ خەبات چ زۆرە ڕێگا، چەند قسەیەک لەگەڵ موعەلیمەکانی کوردستان... باس لە خەباتی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات دژ بە داگیرکەران و ئەو خەباتەی کە ئەمڕۆ بە خەباتی شار ناوی لێدەبرێ، دوکتور سەعید زیاترین هەوڵ بۆ پێکهێنان و سەرخستنی دەدات و خەبات تەنیا بە یەک ڕەهەندەوە نابەستێتەوە و لە هەمان کاتیشدا هیچکام لە ڕەهەندە جیاوازەکانی خەبات و شۆڕش بۆ سەرکەوتن بە هیچ پاساویک نانێتە ئەو لاوە.

شۆڕشگێڕێکی سەربەخۆ

یەکێک لە خەسارە هەر گەورەکانی بزووتنەوەی نەتەوەی وڵاتی داگیرکراوی زاگرۆس پێوەندیی بە وەهمی رێبەری بزووتنەوەکانەوە هەیە بەرامبەر بە داگیرکەران، شێوازی بیرکردنەوەی ئەم سەرۆکانە لە پانتای هزری داگیرکەراندا دەخولێتەوە و پێیان وایە دەکرێ جیاوازی لەنێو ئەو کەسانەدا دابنرێ کە نیشتمانی ئێمەیان داگیر کردووە، یان لە هەندێ دۆخدا چارەنووسی خەباتیان لە بەشێکی نیشتماندا بەستووەتەوە بە داگیرکەرێکی بەشێکی دیکەی زاگرۆس و ئەو خەسارانەی لێکەوتووەتەوە کە تاکی زاگرۆسی بەشێکی زۆری مێژووی سەد ساڵی رابردووی بووەتە مۆتکەی سەرشانی و  داهاتوو دەیترسێنێ، دەکرێ شەرەفکەندی وەک رێبەرێکی ناوازە و بەری لەم کەموکوڕییە سەیر بکەین کە هێمای راستەقینەی رێبەرێکی شۆڕشگێڕی سەربەخۆیە.

فەریدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنی تەلەویزیۆنی لەگەڵ کاناڵی nrt دەڵێت: تەنیا هێزێک کە لە کاتی ڕاپەڕیندا یارمەتیی بەرەی کوردستانی دا و ئەوەی لە دەستی دەهات بۆ سەرکەوتنی ڕاپەڕین کردی، حدکا بوو بە ڕێبەرایەتیی دوکتور سەعید شەرەفکەندی. هەر لە ڕاپەڕیندا چەندین پێشمەرگەی حیزب و لە کاتی یارمەتیدانی خەڵکی باشووردا گیانیان پیشکەش بە ئازادی و بەختەوەر بوونی خەڵکی ئەو بەشەی نیشتمان کرد.  ئەم گێڕانەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە شەرەفکەندیی رێبەر هەموو کات قازانجی گشت وڵاتی بە کۆلۆنی کراوی کوردانی لەبەرچاو بووە و بیری لە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کردووەتەوە، ئەو کات حدکا خاوەن گەورەترین هێزی سەربازیی پارتیزانی بوو، دەیتوانی بە ئاشکرا یان نهێنی و بۆ بەرژەوەندیی کاتی حیزبەکەی ئەگەر نەشڵێن بەر بەسەرکەوتنی ڕاپەڕین بگرێت بەڵام دەیتوانی گرفتی گەورەی بۆ ساز بکات. (گرینگیی ئەم هەڵوێستە کاتێک زیاتر دردەکەوێ کە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین، حدکا خاوەن ئەو هێزە بوو کە بتوانێ گرفتی گەورە بۆ ڕاپەرین ساز بکات، هەر وەک چۆن لە بەشەکانی دیکەی عێراق هەندێ هێز یارمەتیی مانەوەی دەسەڵاتی بەعسیان دا، یان هێزێکی کوردستانی بەری بە ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژائاوای زاگرۆس گرت دژ بە دەسەڵاتی ئەسەدی خوێنڕێژ، یاخود هەندێ شانازی بە ئەندام بوون لە سپای قودسی کۆماری ئیسلامی دەکەن و...) ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس و ئەو کاتەی بەڵگە نهێنییەکانی کەوتنە دەست خەڵک بۆ هەمووان ڕوون بوەوە کە حدکا زۆر ژیرانە توانیویە خۆی لە خیانەتی نیشتمانی ببوێرێ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەعسدا پەیوەندییەکی ئاسایی بووە، ئەم بەڵگانە بێ لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە مرۆڤی زاگرۆسی بەڕاستی سەر بە چ لایەنێک بێت جێگەی شانازییە و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە خەبات لە بەشێکی زاگرۆس دەتوانێ سەربەخۆ و زۆریش بەهێز بەڕێوە بچێت بێ ئەوەی کە لایەنی شۆڕشگێڕ بۆ وەدەست هێنانی هەندێ قازانجی کاتی بگلێتە خیانەتی نیشتمانی و بێتە داردەستی داگیرکەری بەشێکی وڵاتی زاگرۆس.

ئەگەر بمانهەوێ هەموو دەرسەکانی دوکتور قاسملووی نەمر لە یەک دەرسدا کورت بکەینەوە ئەم دەرسە ئەوەیە کە سەرنجی ئێمەی بۆ لای هێزی خۆمان ڕاکێشا و تێیگەیاندین -باوەڕ بوون بە خۆ و هێزی خۆ -کە ئەگەر دڵنیاییمان بە خۆمان بێ و پشتی یەکتر بگرین خاوەنی چ توانایەکی گەورەین کە پەیکەرەی زۆرداران وەلەرزێن دەخا و تووشی پەلەقاژەی مەرگیان دەکا. دەبا ئەم دەرسە بەنرخەمان هەروا لەبەر چاو بێ[19]. دوکتور سادق پەروەردەی هزرێکی لەم چەشنەیە و ئەو تەنیا پشتی بە خەڵکی خۆی دەبەستێت و دەبێژێت: ئێمە پشت ئەستوور بە پشتیوانیی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستانین[20] ئەو سەربەخۆییە و تەنیا شتێک کە ڕێڕەوی چۆنیەتی چالاکی و کردەوەکانی بۆ دیاری دەکات، خەڵکەکەی خۆیەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتە داگیرکراوەکەی.

لەم وتارەدا تەنیا بە کورتی و ناتەواو سەرنجی کردارە سیاسییەکانی شەرەفکەندیی ڕێبەر دراوە لەباری شۆڕشگێڕ بوونەوە و باس لەسەر  ئاکاری شۆڕشگێڕانەی تاکەکەسی دوکتور سەعیدی ڕێبەر وەک پێشخستنی قازانجی گشتی بەر لە قازانجی تاکەکەسی، شەیدا نەبوونی دەرکەتن و بەرچاو کەوتن، خۆ فیداکردن لە ڕێگەی خەڵک و خاکەڕا بوون و... دەهێڵمەوە بۆ بابەتێکی دیکە .

سەرچاوەکان:

[1] دانشنامە سیاسی، داریوش ‌شوری، انتشارات مروارید، ل47

[2]  تئوری های انقلاب، آلوین استانفورد کوهن، ترجمە: علیرضا طیب، نشر قومس،ل36

[3] هەمان ،ل44

[4] دانشنامە سیاسی، داریوش ‌شوری، انتشارات مروارید، ل72

[5] ڕۆژنامەی کوردستان ژمارەی 152

[6] تئوری های انقلاب، آلوین استانفورد کوهن، ترجمە: علیرضا طیب، نشر قومس، ل84

[7] رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران 67.10.26

[8] خۆسرەوی، حەسەن، حقوق اساسی2، چاپی شەشەم، انتشاراتی دانشگاە پەیام نور، ل47

[9] ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران67،10،26

[10] ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران68.5.2

[11] راه دشوار آزادی، بیرەوەریەکانی نێلسۆن ماندێلا

[12] تئوری های انقلاب، آلوین استانفورد کوهن، ترجمە: علیرضا طیب، نشر قومس، ل56-57

[13] هەڤپەیڤینی دوکتور قاسملوو لەگەڵ عاتفە گۆرگین پاییزی ساڵی 65

[14] تئوری های انقلاب، آلوین استانفورد کوهن، ترجمە: علیرضا طیب، نشر قومس، 57

[15] ڕۆژنامەی کوردستان ژمارەی145

[16] کۆبونەوەی بەشێک لە سەرکردەی حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ساڵی2017لە ناوەدنی میری

[17] بڕوانە کتێبی لە چیاکانی زاگڕۆسەوە لە نووسینی تەیموری مستەفایی

[18] ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران27/7/65

[19] ڕادیۆدەنگی کوردستانی ئێران68،5،2

[20] ڕۆژنامەی کوردستان ژمارەی 152

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.