کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامەکانی ئێران بێ "کیا مۆتۆرز" دەبن

12:53 - 12 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کۆمپانیای کۆرەیی "کیا مۆتۆرز"، بەهۆی پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، لە ئێران کشایەوە.

لە درێژەی قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران و کشانەوەی کۆمپانیا دەرەکییەکان و دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نێوخۆییەکان لە وڵاتی ئێراندا، کۆمپانیای "کیا مۆتۆرز" لە ئێران کشایەوە.

کۆمپانیای "سایپا"ی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە دوای کشانەوەی "ڕێنۆ"ی فەرانسە و"سیترۆئێن و برلیانسـ"ـی چین لە ئێران، شیرکەتی کۆرەیی "کیا مۆتۆرز"یش لە ئێران بە یەکجاری کشایەوە.

لە دوای ئەو بڕیارەی "کیا مۆتۆرز"، هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ئەو کۆمپانیایە کۆ دەکرێتەوە.

کۆمپانیای ماشینسازیی "ڕێنۆ"، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕایگەیاند: "بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، بە ئەگەری زۆرەوە چالاکییەکانی خۆی لە ئێران ڕادەگرێت".

پاش دەستپێکردنەوە و توندتربوونەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان، بەتایبەت کۆمپانیا ئورووپایییەکان، لە کشانەوە لە ئێراندا بەردەوامن و هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٢ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشاونەتەوه.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی وڵاتان، پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و تەنانەت وڵاتە ئورووپایییەکان کە بە بەرجام پێبەندن، لە دوای هەڕەشەی ئامریکا لە بانکەکان و کۆمپانیا ئورووپایییەکان، لە پەیوەندی لەگەڵ هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشێننەوە.