دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی تەرمی شەهید "ئاکام دەریایی" بە بەشداریی بنەماڵەی شەهید "ئاکام"، بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندە نیزامییەکان، کادر، پێشمەرگە و میوانان لە گۆڕستانی شەهیدان لە "جێژنیکان" بە خاک ئەسپێردرا.
دوای بە خاکسپاردنی تەرمی ئەو پێشمەرگە قارەمانە؛ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییەکەی لە ساڵۆنی ڕێوڕەسمەکانی "جێژنیکان" بە بەشداریی بنەماڵەی شەهید "ئاکام" بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، بەرپرسانی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، فەرماندە نیزامییەکان، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەکان و میوانان بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا لەگەڵ ڕێباز و ئامانجی شەهید "ئاکام" و سەرجەم شەهیدانی کوردستان پەیمان نوێ کرایەوە.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک "ئاکام دەریایی" پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنەوە گیانی لەدەست دا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
شەهید "ئاکام" دوای ئەوەیکە خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندرا و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات دەستی بە کار و تێکۆشان کردەوە، شەهید ''ئاکام" ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بە فەرمی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوو و چەکی بەرگری لە نیشتمانی کردە شان.
لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەندین جار وەک مەئمووریەتی حیزبی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و هەموو مەئمووریەتییەکانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد.
شەهید ئاکام ڕۆڵەیەکی ئازا و بە جەرگ بوو، لە سەخترین ساتەکان سامناکیی دوژمنی دەشکاند و هیوا و ورەی بە لاوان دەبەخشی.
کاک "ئاکام دەریایی" مەخابن دەستی قەدەر پێی گەیشت و "ئاکامـ"ـی مێرخاسی لە باوەشمان ئەستاند و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو و سەنگەری خەباتی بۆ هاوسەنگەرانی بەجێ هشت.