کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"شەونم"، هۆنەری شێعری نەورۆز ماڵاوایی لە ژیان کرد

18:25 - 19 رەزبەر 2720

"عەلی عەبدوڵڵا سۆفی" ناسراو بە "ع.ع.شەونم" لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر، "عەلی عەبدوڵڵا سۆفی" ناسراو بە "ع.ع.شەونم" شاعیری نەتەوەیی گەلی کورد و هۆنەری شێعری "نەورۆز" کە خزمەتێکی گەلێک بەرچاوی بە شیعری کوردی کردووە بەهۆی بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.

"عەلی عەبدوڵڵا سۆفی"، لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە شاری هەڵەبجە لەدایک بووە و یەکێکە لە شاعیر و نووسەرە دیارەکانی کورد.

ناوبراو ماوەیەکی زۆر خەریکی خزمەتکردن بە ئەدەبی منداڵان بووە و خاوەنی چەندین شاکاری گەورەیە.

یەکێک لەو بەرهەمانە کە پێوە ناسراوە و یادی بۆ هەمیشە لە دڵی میللەتدا دەهێڵێتەوە، سروودی "جەژنە جەژنە جەژنی نەورۆزە، بە تیشکی ئاگر دەنووسم جەژنە پیرۆزە"یە.

"ع.ع.شەونم" خاوەنی ١٢ بەرگ کتێبی شێعرە کە لە ساڵی ٢٠١٨دا لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاپ کراون.

کۆچی دوایی ئەو شاعیرە گەورەیەی کورد وەک سەرجەم ئەدیبانی کورد خەسارێکی گەورەیە لە پەیکەرەی هونەری کورد.