ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستان، شەوی یەلدا و ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری بلیمەت و ناوداری کورد دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسملوو''یان جێژن گرت و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی ئەو ڕێبرە هەرگیز نەمرە دووپات کردەوە.
لە مەهاباد ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات و درێژەدرانی ڕێبازی قاسملوو لە شەوی یەلدا یادی ٩١ ساڵەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئاشتییان بەرز ڕاگرت.
لە بۆکان تێکۆشەرانی دێموکرات و ئەویندارانی ڕێبازی قاسملوو بە ڕازاندنەوەی سفرەی یەلدا، شەوی لەدایکبوونی دوکتور قاسملووی مەزنیان جێژن گرت، هەروەها بە بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی و وێنەی قاسملووی مەزن، لە بۆکان چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.
هاوکات لە شاری نەغەدە و گوند و ناوچەکانی ئەو شارە قوتابییانی دوکتور قاسملوو بە ڕازاندنەوەی سفرەی شەوی یەلدا و دانانی وێنەی دوکتور قاسملوو ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئاشتییان جێژن گرت.
هەر بەوە بۆنەوەی ئەوینداران و تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری شنۆ و گوندی هێیە و شارۆچکەی نەڵۆس، ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری ناوازەی کورد دوکتور قاسملوویان جێژن گرت، هەروەها یادی شەهیدان ''هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و عوسمان مستفاپوور''یان بەرز ڕاگرت.
لە شاری پیرانشار قوتابییانی مەکتەبی قاسملوو، بە شێوازی جۆراجۆر ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری مەزنی کورد، شەهید دوکتور قاسملوویان جێژن گرت و شەوی یەلدایان بەرز نرخاند.
هەروەها لاوانی هەورامان لە بناری کۆساڵان ڕۆژی لەدایکبووین خۆری کوردان دوکتور قاسملووی ناودار و مەزنیان جێژن گرت و لەگەڵ شەهیدی نوێی گەلەکەمان شەهید "حەیدەر قوربانی" پەیمانیان نوێ کردەوە.
هاوکات لە شاری سەقز ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو شەوی لەدایکبوونی هاوەڕێی هەتاویان جێژن گرت و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان بە تایبەت شەهید "حەیدەر قوربانی" نوێ کردەوە، هەروەها تیکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی شەوی یەلدا لە بهرزاییهکانی پارکی کهوسهری سەقز ئارمی حیزبیان لەسەر ڕێگای هاتوچۆی خەڵک دانا کە خۆشحاڵیی خەڵکی لێکەوتەوە.
لە شاری کامێرانی شەهید حەیدەر قوربانی، درێژەدەرانی ڕێبازی شەهیدان و قوتابییانی دوکتور قاسملوو شەوی یەلدا شەوی لەدایکبوونی هاوڕێی هەتاو دوکتوو قاسملوویان بەرز ڕاگرت و لەگەڵ شەهیدانی حیزب و گەل پەیمانیان نوێ کردەوە.
لە ئاوایی تەنگیسەر ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات بەبۆنەی لەدایکبوونی هاوڕێی هەتاو شەهید دوکتور قاسملوو لە هەموو کۆڵانەکانی تەنگیسەر بە بڵاوکردنەوەی ئاڵای کوردستان، وێنەی دوکتور قاسملوو و شەهید حەیدەر قوربانی چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد، هەروەها لەسێدارەدانی شەهید حەیدەریان مەحکووم کرد.
هەرەوەها لە گوندی نییەری هەمیشە دێموکرات ئەویندارانی ڕێبازی قاسملوو شەوی لەدایکبوونی ئەستیرەی پڕشنگداری کورد دوکتور قاسملووی مەزنیان بەرز و پیرۆز نرخاند.
لە شاری سنەی خوێناوی ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو بەبۆنەی شەوی یەلدا شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری مەزن و ناوداری کورد، شەهید دوکتور قاسملوو ، لە زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی سنە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لە مەریوان، درێژەدەرانی ڕێبازی قاسملوو، بە ڕازاندەوەی سفرەی شەوی یەلدا و دانانی ئاڵای کوردستان و وێنەی دوکتور قاسملوو و جامانە، شەوی یەلدایان پیرۆز نرخاند، هەروەها بە دانانی وێنەی شەهید حەیدەر قوربانی پەیمانی وەفاداری و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ شەهیدانی ڕێگای رزگاریی کوردستان نوێ کردەوە.
هەروەها لە شارەدێی ''نێ'' لاوانی خوێنگەرمی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان یادی لەدایکبوونی شەهید دوکتور قاسملوویان بەرز نرخاند.
هەر بەو بۆنەوە تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەردەشت لە شاری میراوا، ٩١ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئاشتی دوکتور قاسملوویان پیرۆز ڕاگرت.
هەروەها لە شاری قوروە تێکۆشەرانی دێموکرات بە ڕازاندنەوەی سفرەی یەلدا ساڵیادی لەدایکبوونی شەهیدی هەمیشە زیندوو دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.