لە نوێترین ئاماری نرخی شتومەکە خواردەمەنییەکان کە لە ئێراندا بڵاو بووەتەوە، شەپۆلێکی دیکەی گرانی بەرۆکی خەڵکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
نرخی ئەو پێداویستییە خۆراکییانە کە بەنیسبەت ساڵی ڕابردووەوە گران بوون بەم چەشنەیە: "نیسک ١١١ لەسەد، چایی بیانی ٧٧ لەسەد، برنجی ئێرانی ٢١.٤ لەسەد، برنجی بیانی ٣٤ لەسەد، پیاز ٣٩.١ لەسەد، گۆشتی گوێرەکە ١٠.٤، مۆز ٣٤.١ لەسەد و باقلە ٦٠.٢ لەسەد".
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی تەماتە، ماکارۆنی، شووتی و نان و شیرەمەنییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو گران بوون.
سەرەڕای ئەوەی کە ئابووریی ڕێژیمی ئێران تووشی داڕمان بووە و گرانی، بێکاری، نەداری، هەژاری و دەیان قەیرانی تر باڵی بەسەر وڵاتی ئێراندا کێشاوە، بەهای خواردەمەنییە سەرەتایییەکانیش ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە.
جیا لەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەسەر ئێراندا پەرە بە گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکان دەدەن، لە ڕاستیدا ڕێژیم توانای چارەسەرکردنی سەرجەم قەیرانە نێوخۆیییەکان و بەتایبەت گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکانی نییە.