کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی بەهێزی دیکەی بەفر و باران کوردستانی گرتووە

18:31 - 11 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە چەند شارێکی کوردستاندا لافاو بۆ جارێکی دیکە دەستی پێ کردەوە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە بەشێکی بەرچاوی شار و پارێزگاکانی ئێراندا. ڕۆژی ١١ی خاکەلێوە، بۆ جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەفر و باران شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.

بەفر و بارانێکی بەهێز شارەکانی "سەقز، سەردەشت، مەهاباد، بانە و سنە"ی گرتووەتەوە، کە بە هۆیەوە لافاو هەستاوەتەوە. لە چەند ڕۆژی رابردووەوە بەشێوەیەکی بەردەوام هۆشداری هاتنی لافاوێکی تری بەهێز لە ئێراندا دراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە شارەکانی "کرماشان، بانە، ئیلام، سنە، ورمێ، مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی کوردستان هۆشدارییان بە خەڵک داوە، کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و هیچ شوێنێکیشیان بۆ دیاری نەکراوە و خەڵک نازانن دەبێت ڕوو لە کوێ بکەن و هانا بۆ کوێ ببەن.

بۆ پێشگرتن لە لافاوێکی لەم چەشنە و بەم بەهێزییەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ڕێگای سەیروسەمەرەیان بەکار هێناوە، لە پارێزگای سنە لەبەردەم شوێنە مێژووی و شوێنە گشتییەکاندا، فەردەی پڕ لە خۆڵ و خاکیان داناوە، بۆ ئەوەی بە عەقڵی خۆیان بەم شێوەیە دەتوانن ڕێ لە زەرەر و زیانەکانی لافاو بگرن.

شایانی باسە، هەتا ئێستا لە ئێراندا، لافاو بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە ٣٠ کەس.