کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین: هێزەکانی ئاسمانیی ڕووسیە لە شاری خارکیف نیشتنەوە

11:44 - 11 رەشەمه 2721

شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین گەیشتە حەوتەمین ڕۆژی خۆی، هێزەکانی ڕووسیە سەرەڕای هەوڵی جیهانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ هەروا لە حاڵی پێشڕەوەیدان.

بەرەبەریانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەشەمە، هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیە لە شاری خارکیف نیشتنەوە.

ئەرتشی ئۆکراین باسی لەوە کردووە کە ئەو هێزانە دوای نیشتنەوەیان لە خارکیف هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک.

ڕۆژی سێشەممەش شاری خارکیف کرایە ئامانجی مووشکیی بەربڵاوی ڕووسیە کە لانیکەم ١٠ کوژراوی لێکەوتەوە و زیانێکی زۆری ماڵیی بەو شارە گەیاند.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، شاری ''خرسون'' لە باشووری ئۆکراین لەلایەن هێزەکانی ڕووسیە دەستی بەسەردا گیراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی کە ڕووسیە لەو هێرشانەدا یەکەکانی نێشتەجێبوون و بیناکانی خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ڕووسیە سکرتێری لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە ڕووسیە بە بۆمبی خوشەیی لە باخچەیەکی مندالانی داوە کە چندین کوژراوی لێ کەوتووەتەوە و ئەمە دەبێ وەکوو جینایەتی شەڕ لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت.

هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین بووەتە هۆی ئەوەیکە هەتا ئێستا ٥٢٠ هەزار کەس لە ئۆکراین بۆ وڵاتانی دراوسێ پەنا ببەن کە ئەو ڕێژەیە لە حاڵی زیادبوونە.

فەرانسە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەشەمە، دژی ڕووسیە شەڕێکی ئابووری و ماڵیی بە تەواو مانا ڕاگەیاند.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە کۆشکی سپی لە هەوڵدایە فڕینی فڕۆکەکانی ڕووسیە لەسەر ئاسمانی ئامریکا قەدەغە بکات.