کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چڵکاوخۆرەکانی سەر بە سپای پاسداران هاتە ئاراوە کە بەهۆیەوە چەندین دژیگەلی کوژران و بریندار بوون.
دەقی ڕاگەیەندراوکە بەم چەشنەیە:
راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
رێکەوتی ۲٠ی رەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی کاتژمێر ۸ی سەرلەبەیانی، لە سەیرانگای "بیمیری" شاری پاوە، کە پێشتر لە لایەن هێزێکی زۆری رێژیمەوە گەمارۆ درابوو، شەڕێکی قورس لە نێوان ئەو هێزە پۆشتە و پەرداختەی رێژیم پێکهاتوو لە کۆمەڵێک جاش و پاسدار لەگەڵ یەکەیەک لە پێشمەرگەکانی رێکخستنی شار، سەربە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری پاوە، هاتە ئاراوە.
ئەوەی روون و ئاشکرایە، وێڕای ئەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە چەندین جۆر چەکی قورس شوێنی مانەوەی پێشمەرگەکانی کردبووە ئامانج، پێشمەرگەکان لە بەرانبەر ئەو هەموو هێزە و چەک و کەرەستانە، شەرێکی قارەمانانە و بێ وێنەیان ئەنجام دا.
شەڕەکە تا کاتژمێر ۱۱ی پێشنیوەرۆ درێژەی کێشا و سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هێزی دوژمن زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بەپێی زانیارییەکان ۳ کەس لە هێزەکانی بەناو سپای پاسداران کوژراون و بە بەردەوامی لە کاتی شەڕەکە چەندین ئامبۆلانس لە رێگای نێوان نەخۆشخانەی پاوە و شوێنی شەڕەکە لە حاڵی هاتووچۆدا بوون.
لەو شەڕە قارەمانانەیەدا کە زیاتر لە ۳ کاتژمێری خایاندووە، دوو ڕۆڵەی قارەمان و فیداکاری نەتەوەکەمان کە لە یەکەیەکی رێکخستنی شاردا سازمان دران بە ناوەکانی "شەهید شاهۆ وەیسی"و "شەهید زانیار ئیسلامی" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان بوون و هەروەها هاووڵاتییەکی دڵسۆزی شاری پاوە بە ناوی "فەرشاد چەچانی" کە بە مەبەستی سەیران کردن لەو ناوچەیە بوو بە تەقەی هێزەکانی رێژیم کوژرا.
لە لایەن رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان پێشکەش بە کەسوکار و بنەماڵەی بەرێزی شەهیدان "شاهۆ و زانیار" و بنەماڵەی فەرشاد چەچانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
رۆحیان شاد و رێگایان پڕ رێبوار
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٢٠ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی