کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ نیزامی دژی ڕێژیمی ئێران نزیکتر دەبێتەوە

18:09 - 13 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وڵاتی ئیسرائیل هۆشداری داوە ئەگەر پێویست بێت بنکە و دامەزراوە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق بۆمباران دەکەین.

"ئاڤگیدۆر لیبێرمن" وەزیری بەرگریی وڵاتی ئێسرائیل وتوویەتی، ئەگەر پێویست بێت هێرش دەکەینە سەر شوێنە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراق.

وەزیری بەرگریی وڵاتی ئێسرائیل وتوویەتی ئەو هێرشانە بە شێوەی هێرشی هەوایی ئەنجام دەدرێت.

لیبێرمەن ئەو قسەیەی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کە ڕێژیمی ئێران مووشەکی بالستیکی بۆ عێراق ڕەوانە کردووە. ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە ئێمه دژی هەر هەڕەشەیەکی ڕێژیمی دەوەستینەوە. گرینگیش نییە ئەو هێرشه لە کوێوە بێت ئێمە بەگری لە خۆمان دەکەین.

حەوتووی ڕابردوو هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مووشەکی بالستیکی ڕادەستی میلیشا شیعەکانی عێراق کردووە.

ئیسرائیل نزیک بوونەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیران لە سنوورەکانی خۆی بە مەترسی دەزانێت و لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژیمی ئێران لە سووریە هەوڵ دەدات بە دامەزراندنی بنکەی نیزامی، هێزەکانی لە ئیسرائیل نزیک بکاتەوە و بە ئاسانی پاڵپشتی گرووپە تێرۆریستییەکان بکات، هەر بۆیەش ئەرتەشی ئیسرائیل بە بەردەوامی بنکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆردمان دەکات.