کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکهەڵچوونی نیزامی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان ڕووی دا

17:23 - 6 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس لە نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و هێزە جیاییخوازەکان ناوچەی قەرەباغ کە ئەرمنستان پشتیوانییان لێ دەکات هاتە ئاراوە و دوو هێلیکۆپتێری ئازەبایجانیان لە ناوچەی ''ناگۆرنۆ''ی قەرباغ  لەلایەن هێزە جیاییخوازەکان خستراوەتە خوار.

هەوەرها ئەرمەنستان باس لەوە دەکات کە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ٣ تانکی ئازەربایجانی کردووەتە ئامانج.

هەر دوو وڵات باس لەوە دەکەن کەسانی مەدەنی لە شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کوژراون.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بە دەرکردنی بەیانییەک ڕایگەیاندووە هەڵمەتێکمان لە هێڵی سنووریی دەست پێکردووە هەتا کۆتایی بە هێرشی هێزە ئەرمەنییەکان بێنین.

لە بەرامبەردا ''نیکۆل پاشینیان'' سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستان وتوویەتی هێزە جیاییخوازەکانی قەرەباغ و هێزەکانی ئەرمەنستان بە سەرکەوتوویی لە بەرامبەر هێرشی ئازەربایجاندا کە هێرشی هەوایی و تۆپخانەیان دەست پێکردووە ڕاوەستاون.

هەر دوو لایەن یەکتر بە تاونبار دەزانن بەڵام هەتا ئێستا دیار نییە کە کێ ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەی دەست پێکردوە.

ناوچەی قەرەباغ کە لەنێو خاکی ئازەربایجاندا هەڵکەوتووە و زۆرینەی دانیشتوانی ئەرمەنین، خۆیان بە سەربەخۆ دەزانن و دەوڵەتی ئەرمەنستانیش پشتیوانیان لێ دەکات.

کێشەی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر ناوچەی قەرەباغ ساڵی ١٩٨٨ی زایینی دەستی پێکرد و ساڵی ١٩٩١ی زایینی شەڕی نیزامیی لێکەوتەوە و لەم تێکهەڵچوونانەدا هەتا ئێستا بە هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە.

ئازرەبایجان دەیهەوێت ناوچەی قەرەباغ بە تەواوی بخاتە ژێر دەستی خۆی، بەڵام هێزە جیاییخوازەکان ناوچەی قەرەباغ کە ئەرمەنستان پشتیوانیان لێ دەکات، دەیانهەوێت ئەو ناوچە لە کۆنترۆڵی ئازەربایجان دەربێنن.