نەوید کەرەمی
لەو ڕۆژانەدا کە لە هەموو لایەکەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتووەتە تەنگانەوە، بەرپرسانی ئەو رێژیمە ناچار بوون تاکوو پەنا ببەنە بەر پەلاماردان، سنووربەزاندن و دانپێنانی دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئامریکا.
مێژووی ئەو ڕێژیمە دەریخستووە کە بەردەوام شەڕی وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی خۆی و فەرامۆش کردنی کێشە ناوخۆییەکان و بێدەنگ کردن و ترساندنی خەڵک بەکار هێناوە.
لەو پێوەندییەدا، لەگەڵ دەسپێکی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، خومەینی شەڕی وەک نێعمەتێکی خودایی ناو بردبوو؛ لەو ساڵانە و پاش ئەوەی خومەینی و تاقمەکەی توانی دەسکەوتەکانی گەلانی ئێران لە ڕوخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری پاڵەوی بۆخۆی تاپۆ بکات و باڵ بەسەر شۆڕشەکەدا بکێشێت، و دەست بە پاکتاو کردن و حەزف کردنی لایەنەکانی دیکە بکات، بەرەوڕووی دەیان قەیرانی ناوخۆیی و گەمارۆی نێونەتەوەیی ببوویەوە، هەر بۆیە خومەینی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و عێراقی بە دەرفەتێکی باش بۆ بەسیج کردنی خەڵک و زیاد کردنی هێزی خۆی لەژێر ناوی بەرگری لە خاکی ئێران و هەروەها لەنێوبردن و دەرپەڕاندنی حیزب و لایەنەکانی دیکە بکات.
ئەو کات سیاسەت و چییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زۆربەی خەڵکی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی ڕوون و ئاشکرا نەبوو، هەربۆیە خومەینی و تاقمەکەی بە فرتوفێڵ توانیان لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق کەڵک وەرگرن و لە لایەک هێزێکی زۆر بەدەوری خۆیان کۆ بکەنەوە و بە هێرش بۆسەر خاکی نەتەوە غەیرە فارسەکان، هەموو جیا بیران، دێموکرات و ئازادیخوازان لە نێو بەرن یان لە وڵات بکەنە دەرەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە توانیان لە ئاستی نێودەوڵەتی خۆیان بسەلمێنن و بنیاتی دیکتاتۆریەتەکەیان بەهێزتر بکەن.
ئێستاش ڕاست پاش سێ دەیە لە دەسەڵاتداری و زوڵم و زۆری ئەو ڕێژیمە، بۆ جارێکی دیکە ڕێژیم هیواخوازی ئەوەیە تا دووبارە "موهبت"ی شەڕ لە ڕووخان ڕزگاری بکات، هەر بۆیە سەرەڕای هەموو ئەو خۆدزینەوانەی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ بەشداری ڕاستەوخۆیان لە شەڕی ناوخۆیی سووریە و عێراق، یەمەن، فلستین و ...هتد، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیم تەنیا یەک ڕۆژ پاش دانیشتنی سێ قۆڵیی نێوان سەرکۆمارەکانی ڕووسیە، ئێران و تورکیە لە تاران، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە شەڕێکی هەمەلایەنەدایە لەگەڵ ئامریکا.
حەسەن ڕوحانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە ئاخاوتنێکی لە تاراندا ڕایگەیاند ئێمە ئێستا لە شەڕێکی تەواوداین لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، هەر بۆیە پێویستە هەتا بەرپرسانی ڕێژیم و خەڵک کێشە لاوکییەکان فەرامۆش و سەختییەکان تەحەمۆڵ بکەن.
پاش چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکان بۆسەر ئەو ڕێژیمە، بازاڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران تووشی داڕمان و هەرەسهێنان هاتوون و زۆربەی بانک و شرکەتەکانی ئێران مایەپووچ بوون و هەر ڕۆژ بە ئاماری ئەو شیرکەتانەی کە پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەپسێنن زیاتر دەبێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ئیسرائیل، فەڕانسە، ئاڵمان، عەرەبستانی سعوودی و ... هتد، ڕێژیمی ئێرانیان بە سەرچاوەی هەموو کێشە و ئاڵۆزی و پەرەسەندنی شەڕ و ماڵوێرانی ناوچەکە ناساندووە، بەڵام هەتاکوو ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران حاشای لە دەستێوەردان و هەبوونی ئاشکرای هێزەکانی خۆی لەو شەڕانەدا کردووە.
ئێستا دەبینین کاریگەربوونی گەمارۆکان بۆ سەر بازاڕ و کەرتی ئابووریی ئێران و هەروەها زۆر بوونی ڕۆژانەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و داتەپینی ئابووریی ڕێژیم لە لایەک، و لە لایەکی دیکەوە بەردەوام بوونی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی مافخوازی کورد لەو بەشە لە کوردستان، بووەتە هۆکاری پووچەڵ بوونەوەی پڕوپاگەندەکانی ئەو ڕێژیمە لەمەڕ پاراستنی سنوورەکانی خۆی و نەبوونی کێشە و داواکاری نەتەوەیی، هەر بۆیە جارێکی دیکە ڕێژیم ناچار بووە هەتا پەنا بۆ تاکتیکی شەڕ و دانپێدانان بە دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانانی بەرێت.
دەربڕینی وشەی دەسپێکی شەڕ لەگەڵ ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە زاری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و هاوکات هەر لە هەمان ڕۆژدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگا و شوێنی نیشتەجێ بوونی کوردانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، ڕاست ڕۆژێک پاش کۆتایی هاتنی دانیشتنی سێ قۆڵیی ڤێلادیمێر پووتین، حەسەن ڕوحانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تاران، بە جۆرێک بەو مانایە دێتە بەرچاو کە کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕاستەوخۆ دەیهەوێ بە دونیا پیشان بدات کە ئەو سێ وڵاتە پشتیوانی کۆماری ئیسلامین، بەڵام پرسیار ئەوەیە، داخۆ ڕووسیە و تورکیە پشتی کۆماری ئیسلامی بۆ شەڕ لەگەڵ ئامریکا دەگرن یان لە شەڕی دەگلێنن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەچننەوەو پشتی چۆڵ دەکەن؟
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.