کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"عادل عەبدولمەهدی" دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند

11:54 - 9 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: یەک ڕۆژ پاش سەرکوتی خۆپیشاندەرانی عێراقی و کوشتنی ٤٥ کەس لە یەک ڕۆژدا، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەست لە کار کێشانەوەی خۆی پێشکەشی پارلمانی عێراق کرد.

ڕۆژی هەینی، ٨ی سەرماوەز، واتە یەک ڕۆژ پاش کوشتنی ٤٥ خۆپیشاندەر لە سێ شاری عێراق لە ماوەی یەک ڕۆژدا، "عادل عەبدولمەهدی"، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی گۆڕان لە ڕێبەریی وڵات، دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

"عەبدولمەهدی" لە بەیاننامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، لە وڵامی بانگەوازی "عەلی سیستانی"، مەرجەعی تەقلیدی شیعەکانی عێراق بۆ گۆڕانکاری لە ڕێبەریدا، بڕیاری دەست لە کار کێشانەوەی داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە یەکەمین کاردانەوەی خۆی بەرانبەر بە دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دەسەڵات، داوای لە ڕێبەرانی ئەو وڵاتە کرد کە بە دەم "داوا ڕەواکانـ"ـی خۆپیشاندەرانەوە بچن.

هەروەها کۆمەڵێک لە کەسایەتی و ڕەوتە سیاسییەکان لە عێراق، پێشوازییان لەو بڕیارەی "عادل عەبدولمەهدی" بۆ دەست لە کار کێشانەوەی لە دەسەڵات کرد.

لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی عێراق و خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا و شارەکانی تری عێراق بە کۆبوونەوە لە ناوەندەکانی شار و بە جەژن گرتن و خۆشحاڵی دەربڕین، پێشوازییان لەو بڕیارەی "عەبدولمەهدی" کردووە.