کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق بۆ ڕازیکردنی تاران قوربانی کراوە

12:15 - 24 خاکەلێوه 2720

"قاسم  فەهداوی"، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق وتوویەتی، ئێران لە ڕێگای میلیشیا شیعەکانیەوە گوشار دەخاتە سەر بەغدا و بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە کراونەتە قوربانیی خواستەکانی ئێران.

"فەهداوی" باسی لە دەستێوەردانی ڕێژیمی ئێران لە كاروباری نێوخۆی عێراق کردووە.

ناوبراو وتوویەتی، ئێران لە ڕێگای میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە بەردەم عێراق بۆ پرسی وزە  و بۆ بەرژەوەندیی باڵای خۆی کۆسپ دروست دەکات.

ئەو بەرپرسە پێشووەی عێراق باسی لەوەش کردووە، عەرەبستان ئامادە بووە گاز بە نرخێکی هەرزانتر بە بەغدا بدات، بەڵام دەستێوەردانەکانی ئێران ئیزنی ئەو کارەی نەدا.

قسەکانی "فەهداوی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی توندی چالاکانی سیاسیی لێکەوتووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە بواری سیاسییەوە لە باڵاترین ئاستدا دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا دەکات.

ناڕەزایەتییەکانی پێشوو لە عێراقدا بە فەرمی دژی ڕێژیمی ئێران بوو و خۆپیشاندەران دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دەدا.

ئامریکا بۆ گوشارخستنە سەر ئێران مۆڵەتی بە عێراق دابوو کە بۆ دابینکردنی گاز و کارەبا بەدیلێک ببینێتەوە، بەڵام عێراق هەتا ئێستا نەیتوانیوە ئەو داواکارییە جێبەجێ بکات.