کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق بەرانبەر بە گەمارۆدانی ئێران دەنگی بێلایەنی دا

11:45 - 13 بەفرانبار 2720

دەوڵەتی عێراق لە دەنگوەرگرتن بۆ بڕیارنامەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ دیاریکردنی بودجە بۆ کۆمیتەی گەمارۆکان دەنگی بێلایەنی دا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار لە دانیشتنی کۆمیتەی پێنجەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەیەکی بۆ زیادکردنی دوو بەند لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی ئەو ڕێکخراوە بۆ بووژاندنەوەی کۆمیتەی گەمارۆکان پێشنیار کرد.

لە هەوڵێکی کەم‌وێنەدا دەوڵەتی عێراق بە پێدانی دەنگی بێلایەن، دەنگێکی ماناداری بە هەوڵەکانی ئامریکا بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا.

بۆچوونی ئامریکا ئەوە بووە کە بە چوونەدەرەوەی وڵاتەکەی لە بەرجام ئیتر ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە بوونی نییە و هەر بەو پێیە کۆمیتەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران دەبێ دەستبەکار ببێتەوە و بۆ چالاکییەکانی خۆی پێویستیی بە بودجەیە.

بۆ ئەو بڕیارنامەیەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ١٠ وڵات دەنگی ئەرێنی و ١١٠ وڵات دەنگی نەرێنی و ٣٢ وڵات دەنگی بێلایەنیان دا و ٤١ وڵاتیش لەو دەنگدانەدا ئامادە نەبوون کە بڕیارنامەکە بەو ڕێژەیە لە دەنگەکانەوە شکستی هێنا.