کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق: قاسم سلێمانی لە کوشتنی ناڕازییاندا بەرپرسیارە

10:44 - 14 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی پارلمانی عێراق، فەرماندەی سپای قودسی لە بەرانبەر کوشتنی خۆپیشاندەراندا بە بەرپرسیار زانیوە.

"ئەحمەد ئەلجەبووری"، نوێنەری پارلمانی عێراق، ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕەزبەر، وتوویەتی کە "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، بە هاوکاریی کەسێک بە ناوی "حاج حامد"، لە بەغدادا، ژوورێکی عەمەلیاتییان بۆ تێرۆری چالاکان و ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە پێکهێناوە.

هەروەها وتوویەتی کە گرووپێک لە تەک  تیرهاوێژەکان، بە بەرپرسایەتیی کەسێک بە ناوی "حاج حامد"، پلانداڕێژیی کوشتن و سەرکوتی خۆپیشاندەران و ناڕازییانی لە ئەستۆیە.

"ئەلجەبووری" هەروەها وتوویەتی کە بەهۆی سەرکوتی خوێنینی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی تەک تیر هاوێژەکان دژ بە خۆپیشاندەران، خەڵکی عێراق پێداگرن لەوەی کە خۆپیشاندانەکان گەورەتر و بەهێزتر و بەرینتر بەڕێوە ببەن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بارودۆخی عێراق زۆر خراپە و لە کۆبوونەوەی ئەوڕۆی پارلەماندا کە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بەڕێوەچوو، تەنیا ٦٠ نوینەر ئامادە ببوون.

ئەو خۆپیشاندانانە سەرەڕای قەدەغەکرانی هاتوچۆ لە لایەن دەوڵەتی "عادل عەبدولمەهدیـ"ـیەوە، لە بەغدا و هەندێک لە شارە باشوورییەکاندا، بەردەوام بووە.