کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق هەڵوێستێکی دیکەی دژی ڕێژیمی ئێران گرت

12:42 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق لە نوێترین هەڵویستی خۆیدا هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا، که خۆیان قوربانیی ڕێژیمی ئێران ناکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان "حەیدەر عیبادی"، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سه‌باره‌ت به‌ ڕێژیمی ئێران ڕای گه‌یاند: "له ‌پێناو ڕازیكردنى تاران و هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌وه‌، یارى به ‌چاره‌نووسی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌له‌كه‌مان، ناكه‌ین".

هه‌روه‌ها، وتیشی: "مافى هیچ ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ نییه،‌ ئاوى ڕووبارى كاروون له‌ شه‌تى عه‌ره‌ب ببڕێت و له‌و باره‌شه‌وه‌ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین".

عیبادی پێشتریش، پاش بەکردەییبوونی سزاکانی ئامریکا بە دژی ڕێژیمی ئێران و سەپاندنی گەمارۆوەکان، ڕایگەیاند: وڵاتەکەی ناچارە پێبەند بە بڕیارەکانی ئامریکا بێت و گەمارۆوەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران جێبەجی بکات.

هەرچەندە عیبادی باسی لەوە کردووە، کە سزاکان بە دژی ڕێژیمی ئێران عادڵانە نین، بەڵام ڕایگەیاند، لە ڕاستای پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی و خەڵکی عێراق هەنگاو هەڵدەگرێت و سزاکانی بە دژی ڕێژیمی ئێران بەکردەیی دەکات.

ڕێژیمی ئێران دەستڕۆیشتووییەکی زۆری لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراقدا هەیە و تەنانەت بۆ ماوەیەک بەڕێوەبەری عێراق بوو و لەو پێناوەدا تێچووی زۆری تەرخان دەکرد، بۆ ئەوەی کە هەیبەتی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا زیاد بکات و بتوانێت بەئاسانی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی جێبەجی بکات.