
بەپێی ڕاپۆرتی "نەوەدێ ئێقتسادی"، سەر بە ڕێژیمی ئێران، لەو دواییانەدا وەزیری بەرقی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە لە بواری بەرنامەی هاوردەکردنی گاز لە وڵاتی "قەتەر" بۆ وڵاتەکەی، دەسکەوتی باشیان هەبووە و پێداویستیی ژێرخانەکانیان لە ماوەی ١٢ یان ١٥ مانگی داهاتوو لەلایەن "قەتەر"ەوە دابین دەکرێن.
هەروەها "ئیرنا" هەواڵدەریی ڕێژیم وتوویەتی: "عادڵ کەریم وەزیری بەرقی عێراق لە دیداری بۆ قەتەر لەگەڵ سەعد شەریدە ئەلکەعبی وەزیری نەوت و وزەی ئەو وڵاتە لەسەر هاوردەکردنی گازی قەتەر بۆ عێراق و تێهەڵێنانەوەی کەمیی گازی وزەخانەکانی بەرهەمهێنانی بەرق، وتووێژیان کردووە".
ڕێککەوتنی ئەو دوو وڵاتە لەسەر هاوردەکردنی وزە بۆ عێراق لە حاڵێکدایە کە ساڵانێکی دوورودرێژە "عێراق" ڕێژەی یەک هەزار و ٢٠٠ مێگاوات بەرق و هەروەها گازی بۆ خۆراکی وزەخانەکانی بەرقی خۆجێیی تەنیا لە ئێران هاوردە کردووە.
زۆربەی کارناسانی بواری وزە لەسەر ئەو بڕوایەن کە گەمارۆکانی ئامریکا، سیاسەتی وزەی دەوڵەتی عێراق و سستیی بەڕێوەبەرانی پێشووی پیشەی نەوت بوونەتە هۆی ئەوەیکە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزەی "عێراق" بە زیانی ڕێژیمی ئێران تەواو ببێت.