کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"عەراقچی" سەبارت بە هێرش بۆ سەر نەوتکێشی ئێران، هەڕشەی کرد

11:50 - 19 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: جێگری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە هێرش بۆ سەر نەوتکێشێکی ئێران دەڵێت، کۆماری ئیسلامی لە کات و شوێنێکی گونجاودا وڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، "عەباس عەراقچی" وتوویەتی، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەم ڕووداوە بۆ ناساندنی بکەرەکانی ئەم هێرشە درێژەی هەیە و ئێمە لە کات و شوێنێکی گونجاودا وڵام دەدەینەوە.

ڕێژیمی ئێران پێشتر وتبووی کە نەوتکێشی ''سابیتی'' لە ڕۆژی هەینی، ١٩ی ڕەزبەر، بە دوو مووشەک لە ئاوەکانی بەندەری جەدە لە دەریای سووردا کراوەتە ئامانج.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، عەرەبستانیان بەم هێرشە تۆمەتبار کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەو ئیدەعایەیان ڕەت کردەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی کەنداودا بە چەندین کردەوەی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاواوە، تۆمەتبار کراوە.

دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی بریتانیا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە گەرووی هورمۆز، هێرش بۆ سەر دوو نەوتکێش لە دەریای عومان و خراپکاری لە بەندەری فەجیرە و... چەند نموونەیەک لە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێرانن.

ڕێژیمی ئێران بەم هەڕەشانە دەیەوێت ڕێگا بۆ هەوڵە تێکدەرانەکانی لە ناوچەدا خۆش بکات و بۆ ئەم مەبەستەش پاساو دەهێنێتەوە.