کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان ناهێڵێ نەوت لە بازاڕدا کەم بێت

10:59 - 6 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان لەهەمبەر کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە ناهێڵێ بازاڕی نەوت بشڵەژێت و ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی خۆی زیاد دەکات.

پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و بەرەبەرە نیزیک‌بوونەوە لە ١٣ی خەزەڵوەر بۆ تەحریم کردنی نەوت و گازی ئێران، ئەگەری کەمبوونەوەی نەوت لە بازاڕەکان و هاوکات گران‌بوونی ئەم ماددە بەهێزتر بووە بەڵام هەوڵێکی جیددی لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هاتۆتە ئاراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمایەسییە.

بەشێک لە شڕۆڤەکارانی بازاڕی وزە پێیان وایە لە ئەگەری جێبەجێکردنی تەحریمەکان بەدژی تاران، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دادەبەزێت و ئەمەش هاوسەنگی بازاڕ تێک دەدات، بەڵام CNBC ڕایگەیاندووە کە عەرەبستان ئیزن بە تێکچوونی بازاڕ نادات و ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی خۆی دەباتە سەرێ بەچەشنێک کە ئەم کەمایەسییە قەرەبوو بکرێتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی "فرارو" بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتێکی "بلومبێرگ" ئاشکرای کردووە کە عەرەبستان هەناردەکردنی نەوتی "خوف"ی دەست پێکردووە کە پیشتر زۆر بە کەمی دەکەوتە بازاڕەوە؛ نەوتی "خوف" جۆرێک لە نەوتی سووکە کە کڕیاری لە ئاستی جیهانیدا زۆرە و وێدەچێ دوو کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران واتە کۆرەی باشوور و ژاپۆن پشت لە ئێران بکەن و ڕوو لە کڕینی ئەم نەوتە بکەن.

هەمان سەرچاوە باسی لەوە کردووە کە عەرەبستان تاکوو مانگی ئۆکتۆبری ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بۆ ٣٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا زیاد دەکات و دەیگەیەنێتە ١٠ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا.

ماوەیەک پیش ئێستاش "ڕیک پێری" وەزیری وزەی ئامریکا لە لێدوانێکیدا بۆ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاند: بە هاوکاری عەرەبستانی سعودی و ڕووسیە قەرەبووی کەمیی نەوتی ئێران لە بازاڕەکاندا دەکەینەوە و ناهێڵین بازاڕ تووشی شڵەژان ببێت.