کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان: نەمانی گەمارۆی چەکوچۆڵ لەسەر ئێران دەبێتە هۆی وێرانیی زیاتر

16:47 - 29 گەلاوێژ 2720

شورای وەزیرانی پادشایی عەرەبستانی سەعوودی جەختی کردووەتەوە کە نەمانی گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکانی چەکوچۆڵ لەسەر ئێران دەبێتە هۆی وێرانی و لەنێوچوونی زیاتر.

شورای وەزیرانی پادشایی عەرەبستانی سەعوودی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد و یەکێک لە بابەتەکانی ئەو کۆبوونەوەیە گەمارۆی سەر چەکوچۆڵی ئێران بووە.

شورای وەزیران لە کۆنفرانسی چەککردن لە ژێنێڤدا بۆ دووبارەکردنەوەی گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران، جەختی کردووەتەوە کە لابردنی ئەو گەمارۆوانە لەسەر ئێران، چ چەکی کلاسیک و چ پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی وێرانی و لەنێوچوونی زیاتر.

لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ ڕەتکردنەوەی بڕیارنامەی گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ڕێژیمی ئێرانی "جێی داخ" و "بێهیواکەر بۆ خەڵکی ناوچە" باس کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا "مەعمەر ئەلرییانی" وەزیری زانیاری گەیاندنی یەمەن لە بەیانییەیەکدا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی بەشدار لە شورای تەناهی کردووە کە ئەرکەکانیان بەڕێوە ببەن و لە پاراستنی تەناهی و ئاشتیی نێونەتەوەییدا هەوڵەکانیان وەگەڕ بخەن.

زۆربەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئێران و دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتانەدا وەزاڵەی هێناون بەرانبەر بە ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارنامەیە لە شورای تەناهیدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داواکاری دووبارەکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر ئێران بوونە.