
"عەلی شەمخانی" سەرۆکی شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی "ئێران وەک گوڵستانێکە بۆ تەواوی نەتەوەکان".
"شەمخانی" وتوویەتی: "دەسەڵاتێک لە هەبوونی نەتەوەکان دەترسێت کە بە زەبر و نێزە و کوشتن، بەرەنگاری خەڵک دەبێتەوە نەک ئێران کە گوڵستانێکە بۆ نەتەوەکان".
پێشتر "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان"، سەرکۆماری تورکیە سەبارەت بە دۆخی تورکەکانی دانیشتووی ئێران نیگەرانی دەربڕیبوو و "شەمخانی" بەو شێوەیە وڵامی داوەتەوە.
"عەلی شەمخانی" دەیهەوێت وەک تەواوی بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم کە بە درۆ هەوڵیان داوە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە لە خەڵک بشارنەوە و دۆخی نەتەوەکان بە باشی نیشان بدەن، هەڵسوکەوت بکات.
چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکانی غەیرە فارس، قسەکانی "شەمخانی" بە چەواشەکاری دەزانن و وتوویانە: "ڕێژیمی ئێران بۆ نەتەوە غەیرە فارسەکان نەتەنیا گوڵستان نەبووە، بەڵکوو جەهەنەمێکی گەرم و داغانە".
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، ساڵانە کەسانێکی زۆر لە نەتەوەکانی "کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکەمەن و تورک"، دەبنە قوربانیی سیستمی توتالیتێری ڕێژیمی ئێران.