کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی ڕەبیعی وتوویەتی، تەنانەت دراوسێیەکانمان بەهۆی لێکەوتەکانی "ئێف ئێی تی ئێفـ"ـەوە ئامادە نین هاوکاریمان بکەن

12:59 - 9 رەشەمه 2720

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، سەرەڕای وڵاتە زلهێزەکان، تەنانەت دراوسێیەکانی ئێرانیش کە شەریکی ئابووریی ئەم وڵاتەن، بەهۆی لێکەوتەکانی بوونی ئێران لە لیستی ڕەشی "ئێف ئێی تی ئێفـ"ـەوە، ئامادە نین "هاوکارییەکی ڕوون و ئاشکرا"یان لەگەڵ تاران هەبێت.

"ڕەبیعی" ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمە لە بابەتێکدا کە لە ڕۆژنامەی ئێران سەر بە ڕێژیم بڵاو کراوەتەوە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی ڕێژیم لەوبارەیەوە وتوویەتی: "تێچووی ئاڵووێرکردن بۆ ئێران زۆر زیاتر لە ڕێژەی ئاسایی بووە".

وتەبێژی ڕێژیم جیا لە گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان دژی ڕێژیمی ئیسلامی، بوونی ئێرانی لە لیستەی ڕەشی "ئێف ئێی تی ئێفـ"ـی بە یەکێک لە "بنەڕەتیترین پرسەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە" زانیوە.

ڕەبیعی نووسیویەتی: "تەنانەت لە خراپترین حاڵەتدا و بە بەردەوامبوونی گەمارۆوە نایاساییەکانی ئامریکاش، پێویستیی پشتیوانی لە ئابووریی خۆڕاگری و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان، هۆکارێکی لۆژیکیی دیکە بۆ پەسەندکرانی ئەم گەڵاڵانە و کەمکردنەوەی ئەو بەربەستانەیە کە دەتوانێت یارمەتی بە هەناردەکردن و هاوردەکردنی دژواری ئێران لەژێر گەمارۆکانەوە بگەیەنێت".

لەم دواییانەدا گەڵاڵەکانی "ئێف ئێی تی ئێف" بە داواکاریی "حەسەن ڕووحانی" و قەبووڵکردنی "عەلی خامنەیی" لە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامدا بۆ تاوتێکردنی دووبارە خراوەتە ڕوو.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "عەبدولناسر هیمەتی" سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ داکۆکیکردن لە پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵانە لە کۆبوونەوەیەکدا بەشداریی کردووە.