کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فایننشاڵ تایمز: چین شاراوە نەوتی ئێران دەگوازێتەوە

11:42 - 15 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، فرۆشی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لەم نێوانەدا، چین بە پێشێلکردنی گەمارۆکان بە هانای تارانەوە چووە.

بەپێی زانیاریییەکانی کە گرووپێکی شوێنهەڵگرتنی بارە نەوتییەکان، بە ناوی "تەنکێر تەرکێر"، ڕادەستی ڕۆژنامەی بریتانیایی "فایننشاڵ تایمز"ی کردووە، بانکی "کۆن لۆن"، ژێرکۆگای شیرکەتی میللیی نەوتی چین، ناوگانێکی لە نەوتکێشەکانی خۆی بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران ڕاسپاردووە.

بەپێی وێنە ماهوارەییەکان، لانیکەم سێ نەوتکێشی "کۆن لۆن"، لە مانگی مەی ساڵی ڕابردووەوە، لە کاتی وەرگرتنی نەوت لە دامەزراوە نەوتییەکانی ئێراندا بینراون.

 زانیارییەکانی پێوەندیدار بە هاتوچۆی ئاویی "مارین ترافیکـ"ـیش، ئەو بابەتەی پشتڕاست کردبووەوە.

"سەمیر مەدەنی"، لە "تەنکێر تەرکێر"ەوە، وتوویەتی کە زانیاری و وێنەکان ئاشکرا نیشانی دەدەن کە، ئەو نەوتکێشانە هی بانکی "کۆن لۆن" بوونە و لە گواستنەوەی نەوتی ئێراندا ڕۆڵیان گێڕاوە، ئەو نەوتکێشانە وەک پردێک لە نێوان ئێران و چیندا بوونە.