کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشتنی ماشینی ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە

11:55 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سازکردن و فرۆشی ماشین لە ئێراندا، زیاتر لە ٤۸ لەسەد دابەزیوە و هۆکاری سەرەکیشی بۆ گرانبوونی نرخی ماشینەکان و قەیرانی ئابووریی ئێران دەگەڕێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێراندا نرخی ماشین زیاتر لە هەموو شتێک ڕووی لە هەڵکشانە و ڕۆژانە بە ڕێژەی میلیۆنی گرانتر دەبێت، سازکردن و بەتایبەت فرۆشی هەموو جۆرەکانی ماشینی ئێرانی و دەرەکی لەو وڵاتەدا دابەزیوە و هۆکاری ئەم دابەزینانەش بۆ ناستانداردبوونی ماشینە سازکراوەکانی ئێران، قەیرانی ئابووری، دابەزینی نرخی تمەن، گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیم و هتد، دەگەڕێتەوە.

لەم بارەوە، ئەنجومەنی کۆمپانیاکانی ماشینی ئێرانی، لە ئامارێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە لە سەرەتای ساڵی نوێیەوە (ساڵی ۹۸)، بەپێی ئاماری ساڵانی ڕابردوو، سازکردنی ماشین لە ئێراندا بە ڕێژەی ٤۷ لەسەد دابەزیوە.

هەروەها لەو ئامارەدا هاتووە: "لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا تەنیا ٤۲۶۲۳ ماشین، بە هەموو جۆرەکانییەوە ئێران توانایی سازکرانیانی هەیە و ئەو ئامارەش نیشان دەدات، کە بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، سازکردن و فرۆشی ماشین لە وڵاتدا زیاتر لە ٤۸ لەسەد دابەزیوە".

جێگای ئاماژەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، بڕێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ ڕێژێمی ئێران، وەکوو: عێراق، کوەیت، سووریە، لوبنان، یەمەن، ئەفغانستان و تا ڕادەیەکیش هەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی تری ناوچەکە، لەم بارەوە پێوەندی بازرگانیان لەگەڵ ڕێژیمدا هەبوو و ماشینەکانی ئێران ڕەوانەی ئەو وڵاتانە دەکران.

بەڵام پاش گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی قوناغی دووهەمی ئەو گەمارۆیانه، بازاڕی ماشینی ئێران، وەکوو سەرجەم بازاڕەکانی تری ئەو وڵاتە بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزی و هەموو وڵاتەکان لەو بازاڕەی ئێراندا کشانەوە، ئەمەش زیانێکی زۆری بە ئابووریی ئێران گەیاند و کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێران هەبووە.

گرانبوون و هەڵکشانی نرخی ماشین لە نێوخۆی ئێرانیش بە ڕێژەیەک زیادی کردووە، کە خەڵکانی ئەو وڵاتە توانایی کڕینیانی نەماوە، بۆ نموونە نرخی ماشینی جۆری پراید کە ناستانداردترین ماشینی سازکراوی ئێرانە لە ساڵی ۱۳۸۷ی هەتاویدا، ٤ تاکوو ٦ میلیۆن بوو، لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە ۵٤ تاکوو ۶۰ میلیۆن تمەن.

گرانبوونی نرخی ماشینەکان لە ئێراندا، ناڕەزایەتیی خەڵکانی ئەو وڵاتەی لێ کەوتووەتەوە و جیا لە خۆپیشاندانەکان کە چەندین جار ڕێک خراون و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم سەرکوتیان کردوون، خەڵکی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە، کە بە نەکڕینی ماشین، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر گرانبوونی ماشینە ناستانداردەکانی ئێران دەردەبڕن.