کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایە ئامانجیی مووشەکی

12:12 - 29 گەلاوێژ 2720

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پایەگای هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ دووەمین جار کراوەتە ئامانجیی مووشەکی.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کە پایەگای "ویکتۆریا"ی هێزە ئامریکاییەکان لەوێیە، بۆ دووههمین جار بە دوو مووشەکی کاتیۆشا کراوەتە ئامانج و تا ئێستا لەبارەی زەرەر و زیانەکانی ئەو هێرشە ئامارێک بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە شەوی هەینی ٢٤ی گەلاوێژ، فڕۆکەخانەی بەغدا بە دوو مووشەک کرایە ئامانج کە هیچ زیانێکی ماڵی و گیانیی بەدواوە نەبوو.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێرشێکی کاتیۆشایی کرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هێزە نیزامییەکانی ئامریکا و نزیکی هۆڵی گەورەی ڕێوڕەسمەکان لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا، بەڵام ئەو هێرشەش هیچ زیانێکی بەدواوە نەبووە.

لە دوای کوژرانی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" لە عێراق، ڕێژیمی ئێران چەند جار هەڕەشەی هێرشکردن و تۆڵەسەندنەوەیان لە ئامریکا کردووە و لەو کاتەوە تا ئێستا چەند جارێک پایەگای هێزە ئامریکاییەکان لە عێراق و ناوچەکە مووشەکباران کراوە.