کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل لەلایەن "حیزبوڵڵا"وە پێکرا

12:31 - 2 خەرمانان 2720

ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کە خەریکی چالاکییەکی عەمەلیاتی لەسەر سنوور بووە، لەنێو خاکی لوبناندا کەوتووەتە خوارەوە. گرووپێکی حیزبوڵڵا هێرش بۆ سەر ئەو فڕۆکەیەی وەئەستۆ گرتووە.

هەواڵدەرییە نێونەتەوەییەکان لە زاری بەیانییەی حیزبەڵڵای لوبنانەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێستاکە لەبەردەستی حیزبوڵڵادایە.

ڕاگەیاندنە ئیسرائیلییەکان لەوانە "ئۆرشەلیم پۆست" وتوویانە، بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لەدەستی حیزبوڵڵادایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە شاری "عەیتا ئەلشەعب" سەر بە پارێزگای "نەبتییە" کەوتووەتە خوارەوە.

شاری "عەیتا ئەلشەعب" لە نزیکیی شاری "شتوولا" لە باکووری ئیسرائیلە.

ئەرتشی ئیسرائیل لە بەیانییەیەکدا سەبارەت بە دزەکردنی زانیارییەکان لەو فڕۆکەیە وتوویەتی کە مەترسییەک نییە؛ سەرەڕای ئەوە زانیارییەکی زیاتر لەوبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە شاری "عەیتا ئەلشەعب" لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبناندا شەڕ و پێکدادان هاتە ئاراوە کە سەرەنجام بە ئاگربەست لە مانگی ئووتدا کۆتایی پێهات.

هەروەها ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو کە پاش هەڕەشەکانی حیزبوڵڵا، ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی لە سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی خۆی زۆرتر کردووەتەوە و ئاستی وشیاریی خۆی بەنیسبەت ئەگەری هەڕەشەکان بردووەتە سەرەوە.