کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە نزیک ''دەمیشقـ''ـیان بۆردومان کرد

12:26 - 12 خەزەڵوەر 2721

تێلێڤیزیۆنی فەرمیی سووریە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر لە زاری بەرپرسێکی نیزامیی ئەو وڵاتە باسی لەوە کرد کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر نزیک دەمیشق.

ئەو بەرپرسە نیزامییە وتوویەتی کە ئەو هێرشە زیانی ماددیی لێ کەوتووەتەوە.

شەممەی ڕابردووش هەواڵدەریی ''ئەلجەزیرە'' بڵاوی کردبووەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکیان لە نزیک دەمیشق بۆردومان کردبوو. بەڵام ئەرتشی سووریە ڕایگەیاندبوو کە پەدافەندی ئاسمانیی ئەو وڵاتە چەند مووشەکی زەوی بە زەوی کە لە باکووری ئیسرائیلەوە هاویشترابوون، بەرداوەتەوە.

گرووپێکی چاوەدێر بەسەر ئاڵوگۆڕەکانی سووریە وتبووی کە لە هێرشی ڕۆژی شەممەدا ٥ کەس لە هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران.

ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕاستای پێشگرتن لە جێگیربوونی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە سەدان هێرشی نیزامیی دژی ئەو هێزانە لە خاکی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.

لە دەسپێکی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە لە ساڵی ٢٠١١وە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران یەک لەوان گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە شوێنە جیاجیاکانی سووریە جێگیر کراون و ئیسرائیل بوونی ئەو ‌‌هێزانە بۆ ئەمنییەتی خۆی بە مەترسی دەزانێت.

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا وتبووی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی نزیکەی ٥٠ شوێنی کردووەتە ئامانج کە بووەتە هۆی ئەوەیکە جموجۆڵەکان و حوزووری ئێران لە سووریە کەم ببێتەوە.