کوردستان میدیا: فیلمسازیکی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات ،وەک داوەری فێستیڤاڵی PLURALی ئامریکا هەڵبژێردرا.
"تەیموور قادری" یەکێک له فیلمسازانی کوردستانی ڕۆژهەڵات خەڵکی شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنه، وەک داوەری فێستیڤاڵی PLURALی ئامریکا هەڵبژێردرا.
فێستیڤاڵی PLURAL لەسەر بابەتی "کۆچبەری" کار دەکات و هەموو ساڵێک فیلمسازانی سەرتاسەری دنیا لەو فێستیڤاڵەدا بەشداری دەکەن و بەرهەمەکانی خۆیان پیشان دەدەن.
تەیموور قادری، فیلمسازی کورد لە دوو خولی پێشووی ئەو فێستیڤاڵەدا بە فیلمی "ماسیی گەورە" (Big Fish) توانی براوە بێت.
پێش ئەو فیلمسازه کوردە "ڕەزا دقەتی" داوەری ئەو فێستیڤاڵە بووە.
قادری چەندین فیلمی وەک "هەنار میوەی بەهەشته"، "ڕنینی بەرە بەیان"، "میخورد بر بام خانه"، "ماسیی گەورە"، "باوەش"، "تووت" و چەندین بەرهەمی دیکەی لە کارنامەی خۆیدا هەیە.
ناوبراو زیاتر لە ٦٠ خەڵاتی سینەمایی بەدەست هێناوە کە گرینگترینی ئەو خەڵاتانە دیپڵۆمی شانازیی ٤٣مین فێستیڤاڵی "تامپرەی فەنلاند"، "توانایی لاو، ٥١مین فێستیڤاڵی شیکاگۆیه و هەروەها بەشداری لە فێستڤاڵی تۆرێنتۆ و مۆنتراڵی کانادادا کردووە.
فێستڤاڵی PLURAL مانگی نوامبری ئەمساڵ بە بەشداریی هەیئەتی داوەران لە نیویۆرکی ئامریکا بەڕێوە دەچێت.
تەیموور قادری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی له شاری کامیاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایک بووە، ناوبراو لە تەمەنی منداڵیدا ئۆگریی بە کاری سینەما هەبووە و یەکەم جاریش لە فێستیڤاڵی "خوارزمی" بەشداری کردووە.