دوای ئەوەی لەلایەن چەند پارت و لایەنی سیاسی لە باکووری کوردستان هاوپەیمانییەک دامەزرا و ڕاگەیەندرا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە نەتەوەییەی کرد و پشتگیریی خۆی بۆ هاوپەیمانییەکە ڕاگەیاند.
دەقی پەیامی حیزبی دێموکرات بۆ هاوپەیمانییەکە بەم شێوەیەیە:
بەڕێز هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان (هاوپەیمانی)
بە سڵاو و ڕێزی برایانە
ئەنجامەکانی کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردستان لە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی لە ئامەد کە کۆنفرانسی ١٦ی خەزەڵوری ١٤٠٥ی بە دوادا هات، پرۆسەکەی گەیاندە ئاستێکی نوێ.
ئەم پرۆسەیە کە بە بەشداریی زۆرێک کەسایەتی و نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بە سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان بەڕێوە چوو، بە سەرکەوتوویی گەیشتە ئامانجی خۆی و هاوپەیمانیی نەتەوەیی ڕاگەیەندرا.
ئێمە بە ناوی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەریی حیزبەکەمانەوە، لەگەڵ بەرز نرخاندنی ئەم هەنگاوە نەتەوەیی و ناسنامەپارێزە، پیرۆزبایی لە هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییە بەشدارەکانی ئەم هاوپەیمانییە و هەروەها لە هەموو خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و بەرگریکارانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان دەکەین.
ئێمە هیودارین کە ئەم پرۆسەیە لە بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستاندا هەنگاوی کاریگەر و دیاریکەر بە دوای خۆیدا بهێنێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە لەو بڕوایەدایە کە بزووتنەوەی کوردستان تەنیا ئەوکاتە دەتوانێت بگاتە ئامانجەکانی خۆی کە هەموو پارت و هێزە سیاسییەکان بە یەکێتی، هەماهەنگی و وتارێکی هاوبەشەوە بەرگری لەم ئامانجە ڕەوا و نەتەوەییانە بکەن.
ئێمە هیوادارین کە تێکۆشانی ئێوەی بەڕێز، مسۆگەربوونی ئەم ئامانجانەی بە دوادا بێت.
پیرۆز بێت یەکیەتی و هاوخەباتیی ئێوە
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان
٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ هەتاوی