لە درێژەی بەکارھێنانی توندوتیژیی سیستماتیک و دەستڕێژ لە هاووڵاتییان، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری زاهێدان، ماشینی سێ هاووڵاتیی بەلووچیان دایە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆ، کە لە ئەنجامدا هەر سێ هاووڵاتییەکە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی "تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بەلووچستان"، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچەی "لەخشک"ی سەر بە شاری زاهێدان بێئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لە ماشینێک بە ٣ سەرنشینەوە کرد و بەوەش نەوەستاون و لە کردەوەیەکی دڕندانەدا، فیشەکی خەلاسیان لە سەری ئەو هاووڵاتییانەدا داوە و ناوچەکەیان جێهێشتووە.
ناسنامەی سێ قوربانییەکەی دەستڕێژیی بەئەنقەستی هێزەکانی ڕێژیم بریتیین لە: "موبین گەنگووزەیی(ڕیگی)" ٣٤ ساڵە، "ئومێد جەمالزەیی" ٣٠ ساڵە و "حەنزەلە جەمالزەیی" ٣٢ ساڵە.
سیاسەتی ئاوەڵاکردنی دەستی هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی بۆ کوشتاری هاووڵاتییانی بەلووچ لەکاتێکدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پەرەی پێ دەدرێت کە تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ١٥٠ هاووڵاتیی بەلووچ بە دەستڕێژیی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم یان تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە ژمارەیەک لە کوژراو و بریندارەکان ژن و منداڵن.
ئەم ئامارانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ڕێگەی دروستکردنی کەشی تۆقاندن و کوشتاری سیستماتیکەوە هەوڵی پاراستنی هەژموونی سەرکوتکەرانەی خۆی دەدات.