ئێفبیئای شەهرام پوورسەفی، ئەندامی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی خستە لیستی "تێرۆریستە داواکراوەکان"ەوە و بۆ ناسینەوە و دەسبەسەرکردنی سێ ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانیش داوای زانیاری کرد.
پۆلیسی فێدراڵیی ئەمریکا (FBI) ڕایگەیاند پوورسەفی بە نازناوی مەهدی ڕەزایی، لە داڕشتنی نەخشەی کوشتنی دوو بەرپەرسی پێشووی ئەمریکاییدا ڕۆڵی هەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر بۆ پێشکەشکردنی زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەسبەسەرکردن یاخود مەحکوومکردنی ناوبراو، تا ٢٠ میلیۆن دۆلار پاداشتی دیاری کردبوو.
وەزارەتی دادوەریی ئەمریکا لە ساڵی ١٤٠١دا پوورسەیفیی بە هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری پێشووی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا تۆمەتبار کردبوو. بەپێی ئەم تۆمەتە، ئەو قەرار بوو بە پێدانی ٣٠٠ هەزار دۆلار بۆ کەسێک، جان بۆڵتۆن تێرۆر بکات.
ئێفبیئای هەروەها محەممەدحوسێن شامورادیزادە، ئەبوولفەزل عەلیزادە و محەممەدڕەزا ئەنساریی بە هاوکاریکردن لەم گەڵاڵەیەدا تۆمەتبار کردووە و بەدوای دەسبەسەرکردنیانەوەیە. لە ڕاگەیەندراوی ئەم دامەزراوەیەدا، هەر چوار کەسەکە وەک ئەندامی هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران ناسێندراون.