
ناسر ساڵحیئەسڵ
پرسیار لە شێوازە گونجاوەکانی خەبات لە واقیعی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕاستەوخۆ دەمانباتە سەر پرسیاری چییەتیی خەبات و فەلسەفەی لەپێناوچیدابوونی ئەم ڕێگا و ڕێبازە. ڕەنگە ئەم پرسە بۆ نەتەوەیەک کە زیاتر لە سەدەیەکە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانیدا تێدەکۆشێت، سادە و سەرەتایی بێتە بەرچاو؛ بەڵام لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ناوەندی لە ئێران، بەردەوام هەوڵی چەواشەکردنی پێناسە و ئامانجەکانی خەباتی ڕەوای نەتەوەی کوردیان داوە، وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە و دەستنیشانکردنی میکانیزمە شیاوەکانی خەبات، دەبێتە باشترین خاڵی دەستپێک بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوەیەکی واتادار.
پرسی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد، بەتایبەت لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، جەنگی دووەمی کەنداو، ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حوسێن و چەسپانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ڕەهەندێکی نوێی لە ناوچەی پڕقەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەرگرتووە. لە ئێستادا ئەم پرسە ڕاستەوخۆ کەوتووەتە چەقی هاوسەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە؛ چونکە بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە هاوکێشە سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە. بێگومان چارەسەرکردنی کێشە چارەنووسسازەکانی وەک وزە، ئاو و تەناهی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەبێ یەکلاکردنەوەی دادپەروەرانەی مافەکانی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ناتەواو و لەنگ دەمێنێتەوە.
کەواتە نە شکستی کاتی و نە گەلەکۆمەکیی ناوچەیی بۆ کپکردنی دەنگ و پێگەی نەتەوەی کورد، ئەم دۆزە بەرەو پاشەکشە نابەن، بەڵکوو بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە بە ئاراستەی دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆ خەبات و وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی. لەم نێوەندەشدا، هەرچەندە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەیانەوێت خۆیان وەک نوێنەری سەرجەم خەڵکی ئێران پێشان بدەن و هەوڵ دەدەن سیمایەکی عەشیرەگەری بەسەر بزووتنەوەی ڕەوای کورددا بسەپێنن، بەڵام ناتوانن لەژێر ئەم پەردەپۆشکردنەدا، خواستە مۆدێرن و پێشکەوتنخوازەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ خودی نەتەوە لە چاوان ون بکەن.
سەرهەڵدان و پەرەسەندنی خێرای تێکنۆلۆژی، ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی زانیاری لە وڵاتانی ڕۆژاوادا، گۆڕانکارییەکی قووڵی لە جیهاندا هێنایە ئاراوە. لە دەرئەنجامی ئەم وەرچەرخانەدا، لە کاتێکدا وڵاتانی پێشکەوتوو بە خێرایی بەرەو پێش دەچوون و کۆمەڵگە نەریتی و پێشمۆدێرنەکان لە چەقبەستووییدا دەمانەوە، دزەکردنی تێکنۆلۆژی، زانیاری و بیرۆکە هاوچەرخەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دۆخێکی تازەی خوڵقاند؛ بە جۆرێک کۆمەڵگەی کوردستانیش خۆی لە بەردەم جیهانێکی نوێدا بینییەوە. بەراوردکردنی واقیعی نێوخۆ بە پێشکەوتنەکانی جیهانی دەرەوە، خولیای گەشەسەندن و وەدیهێنانی ژیانێکی ئازادی لە تەواوی ناوچەکە و بەتایبەت لە هۆشیاریی نەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بزوواند.
لەم سۆنگەیەوە، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی نەتەوەکانی ئێران لە سەردەمی شۆڕشی زانیاریدا، بوونە خاڵی دەستپێک بۆ نوێبوونەوە و ڕزگاربوون لە سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی تۆتالیتاری کۆماری ئیسلامی؛ چونکە ئامانجی بنەڕەتیی ئەم جووڵانەوە جەماوەرییانە، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بنەما دێموکراتیکەکان بوو لە ئێرانێکی فرەنەتەوە، فرەپێکهاتە و فرەئاییندا، تا حوکمڕانی بۆ نوێنەرانی ڕاستەقینەی نەتەوەکانی ئێران بگەڕێتەوە.
کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە بە بیانووی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات و بە ناوی شەڕ لە دژی جوداخوازان، پەنای بۆ سەرکوتی خوێناویی ئەم ناڕەزایەتییانە بردووە. بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا، دەسەڵات بەردەوام هەوڵی بێدەنگکردنی ئەو دەنگە ئازادیخوازانە دەدات و دەیەوێت لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی ناوەندیی توندی سەربازی و ئەمنییەوە، جڵەوی حوکمڕانی لە بازنەیەکی داخراودا بۆ تاقمێکی تایبەت قۆرخ بکات. ئەمەش درێژکراوەی ئەو ستراتیژە نەگۆڕەیە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە لەسەر دەستی خومەینی بنیات نرا؛ بە جۆرێک دەسەڵاتدارانی ئەم بازنە داخراوە لە لایەک ڕێکخراوە و حیزبەکانی سەربە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کوردیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە و سەرکوت کردووە و، لە لایەکی دیکەشەوە دژی هەر ڕەوت و دەنگێکی دێموکراتیکی ناوەند وەستاونەتەوە. کەواتە بۆ داڕشتن و چەسپاندنی حوکمڕانییەکی دێموکراتیکی سەردەمیانە لە ئێرانی داهاتوودا—کە تێیدا ژیانێکی ئازاد مسۆگەر بێت و نەتەوەکانی ئێران بگەنە مافە ڕەوا سیاسی و نەتەوایەتییەکانیان—پێویستە خەبات لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی چڕ بکرێتەوە، کە بریتین لە:
• یەکەم: خەبات بۆ دابەشکردنەوەی سەروەری، دەسەڵات و سامانی نەتەوەیی لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا.
• دووەم: خەبات بۆ دێموکراتیزەکردنی دەسەڵات و پێکهاتەی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ خواست و ئیرادەی نەتەوەکان لە ئێراندا.
• سێیەم: خەبات دژی سڕینەوە، تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکانی ئێران.
ئاوڕدانەوە لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەری دەخات کە نەتەوەی کورد بە خۆڕاگرییەکی کەموێنەوە لەسەر ئەم سێ تەوەرەیە خەباتی سیاسی و چەکداریی خۆی درێژە پێ داوە؛ خەباتێک کە لە بنەڕەتدا بۆ وەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد، دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکان و بەڕێوەبردنی خاکی کوردستان بووە لەسەر بنەمای ئیرادە و خواستی ڕاستەقینەی نەتەوە. لەم مەیدانە پڕ لە قوربانیدانەدا، نەتەوەی کورد بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی، گەلێک هەوراز و نشێوی سەختی بڕیوە.
ئەم ڕێبازە لە تێکۆشان لە لایەک بەرهەمی ڕۆڵی پێشەنگانەی ڕێبەران و کەسایەتییە نەتەوەییەکان بوو لە بێچمگرتنی خەونی ڕزگاریی نەتەوەییدا و، لە لایەکی دیکەشەوە سەرچاوەگرتوو لە وشیاری و ئاگایی گشتی و تێکۆشانی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کە لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان و کەڵکوەرگرتنی ژیرانە لە هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ڕەنگی دایەوە. کۆماری کوردستان وەک یەکەم ئەزموونی حکوومەتداریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێگەیەکی مێژوویی و بێهاوتای لە کاروانی تێکۆشانی سیاسیی نەتەوەی کورد بەگشتی تۆمار کرد. پاش کەوتنی کۆمار، خەباتی چەکداریی ساڵەکانی ١٣٤٦ بۆ ١٣٤٧ی هەتاوی بەردەوامیی بەم ڕێبازە دا؛ ئەو جووڵانەوەیە لە ڕێگەی داڕشتنەوەی گوتاری ڕزگاریخوازی و پشتبەستن بە ئیرادەی جەماوەر، بووە درەوشاوەترین وەرچەرخانی مێژوویی لە خەباتی سیاسی و چەکداریی ساڵانی پێش شۆڕشی ١٣٥٧ی نەتەوەکانی ئێراندا.
دەستبەسەرداگرتن و قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن پەیڕەوانی خومەینییەوە لە چوارچێوەی بازنەیەکی داخراودا، خەباتی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستە قۆناغێکی نوێ و چارەنووسسازەوە. لەبەر ئەوەی خومەینی و هاوبیرانی لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە ئێرانێکی فرەنەتەوە، فرەئایین و فرەچەشن نەبوو، هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ چارەسەرکردنی پرسی سیاسی و نەتەوایەتیی نەتەوەکانی ئێران نەهاویشت؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە، باسکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکانیان لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیدا وەک پیلانی ئەمریکا و ڕۆژاوا بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەیان پێناسە دەکرد. هەر بۆیە لە بەرانبەر هەلومەرجی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ترسی لەدەستدانی دەسەڵات دایگرتن و ئەم ناوچەیەیان وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتی تۆتالیتاری خۆیان دەبینی؛ چونکە لە لایەک هۆشیاری و خودئاگایی نەتەوەیی خەڵکی کورد دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی بە خێرایی لە برەوسەندندا بوو و، لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بوونی کەشێکی سیاسیی کراوە و ئازاد، ببووە سەنگەر و مەکۆی تێکۆشانی سەرجەم ئەو حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخوازانەی کە لە ناوچەکانی دیکەی ئێراندا دەرفەتی چالاکییان لێ زەوت کرابوو. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەلە هێزە سەربازییەکانی خۆی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، تا هەم کۆتایی بەو فەزا ئازاد و دێموکراتیکە بهێنێت و، هەمیش ئاستی وشیاری و خودئاگایی نەتەوەیی بە گرتن، زیندان و لەسێدارەدان دابمرکێنێتەوە.
ئەم سێ وێستگە سەرەکییەی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان—واتا قۆناغی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکرات و پێکهێنانی کۆماری کوردستان، قۆناغی ڕاپەڕینی چەکداری و خەباتی پێشمەرگانەی ساڵانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی هەتاوی، و قۆناغی بەربەرەکانی لە بەرانبەر سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی نەتەوەکانی ئێران—هەر یەکەیان بە جۆرێک لە گەشەپێدانی ڕۆحی وشیاری و خودئاگایی نەتەوەییدا ڕۆڵی مێژوویی خۆیان گێڕا. لە دەرئەنجامی ئەم ئەزموونە سیاسی و مێژووییانەدا، تاک و کۆمەڵگەی کورد لەم بەشەی کوردستاندا چاویان زیاتر بەڕووی جیهانی هاوچەرخدا کرایەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، پەرەسەندنی شارنشینی، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و زۆربوونی ژمارەی دەرچووانی زانکۆ، بوونە هەوێنی ئەوەی ئاستی وشیاری و پێگەیشتوویی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بێوێنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکشێت. هاوکاتبوونی ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ گەشەی تێکنۆلۆژی، فرەچەشنیی میدیا و ئامرازەکانی پێوەندیکردن، وەرچەرخانێکی بنەڕەتیی لە خەباتی نەتەوەی کورددا دروست کردووە. لە ئاستی دەرەوەشدا، گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان—لە چەسپانی قەوارەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی تا دەستکەوتەکانی ڕۆژاوای کوردستان و قەیرانەکانی سووریە، بەتایبەتیش پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران—سەرەڕای بەرزکردنەوەی ئاستی داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد، زەمینەی پێویستیان بۆ گۆڕانکاری لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا ڕەخساندووە؛ تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت قۆناغی ئێستای خەبات، وەک لووتکە و هەستیارترین خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی سەد ساڵی ڕابردووی نەتەوەی کورددا ئەژمار بکرێت.
ئەمڕۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە گەیشتووەتە ئەو خودئاگاییە سیاسییەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک، نەتەوەی کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی لە ناوەندەکانی بڕیاردان، حوکمڕانیی باڵا و بەڕێوەبردنی گشتی لەسەر ئاستی وڵات بێبەش کردووە و وەک هاووڵاتیی پلە دوو و سێ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک لە ماهیەتی پێوەندیی ناوەند و پەراوێز تێدەگەن و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ سڕینەوەی زمان و کولتوورەکەیان وەک میکانیزمێکی چەوساندنەوەی داگیرکەرانە دەبینن.
کەواتە لە یەکەیەکی سیاسیی وەک دەوڵەتی ئێراندا کە لە ڕووی نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەوە فرەچەشن و فرەڕەهەندە، پێداگریی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر مانەوەی حوکمڕانی لە چوارچێوەی بازنەیەکی داخراوی ئایینزایی و تەنیا لەسەر بنەمای باڵادەستیی نەتەوەی فارس، هاوکات لەگەڵ سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە، کەلێنێکی قووڵی لە نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند دروست کردووە. ئەم دابڕانە کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر دیاریکردنی ئاراستە و گوتاری خەباتی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت؛ چونکە پەیڕەوکردنی ئەم شێوازە لە دەسەڵاتداری، کەلێنی نێوان نەتەوەی کورد و ناوەند قووڵتر دەکاتەوە و بەردەوامبوونی، دەبێتە هۆی گەیشتن بە خاڵی دابڕانی یەکلاکەرەوە لە نێوان ناوەندی دەسەڵات و نەتەوە جیاوازەکانی ئێراندا. لە وەها دۆخێکیشدا، خەباتی سیاسی و نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دەستەبەرکردنی تەواوی مافە ڕەواکانی، بە شێواز و میکانیزمی هەمەچەشن و بە گوڕوتینێکی بێپسانەوە بەردەوام دەبێت.