کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نادیاری کتێبخانەی ناوەندیی کرماشان دوای ١٩ ساڵ لە دەستپێکردنی پرۆژەکەی

14:14 - 20 خەزەڵوەر 2726

تێپەڕبوونی ١٩ ساڵ بەسەر دانانی بەردی بناغەی "کتێبخانەی ناوەندیی کرماشان"دا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر پشتگوێخستنی سیستماتیکی ژێرخانی کلتووریی ئەو شارە لەلایەن ڕێژیمەوە. بەرپرسانی ڕێژیم لە کرماشان دان بەوەدا دەنێن کە پرۆژەکە پەکی کەوتووە و کرماشان وەک پارێزگایەکی گەورە لە کتێبخانەی ناوەندی بێبەشە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم کۆمەڵگەیە کە بڕیار بوو وەک گەورەترین ناوەندی کلتووری، پێشانگا، سینەما و یەکەی توێژینەوە خزمەت بە هاووڵاتییان بکات، لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە تا ئێستا بەهۆی بودجەی پچڕپچڕ و کەمتەرخەمیی ئیدارییەوە پەککەوتووە.

سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی ٤٩ میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن تمەن تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ و ٥٠ میلیارد تمەن بۆ ساڵی ١٤٠٤، بەرپرسان جەخت دەکەنەوە کە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستی بە ٤٠٠ میلیارد تمەنی دیکە هەیە.

لەلایەکی ترەوە، سەرەڕای پەسەندکردنی ۳۰۰ میلیارد تمەن بودجە لە سەفەری سەرۆککۆماری ڕێژیمدا کە نیوەی لەسەر ئەستۆی شارەوانی و نیوەکەی تری لەسەر وزارەتی فەرهەنگ و ئێرشاد بووە، بەڕێوەبەری گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی کرماشان ئاشکرای کردووە کە تەنانەت یەک ڕیال لەو پارەیە نەدراوە و پرۆژەکە لەژێر سایەی قەیرانی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی کەرەستەی خانوبەرەدا دەناڵێنێت.

ڕاگرتنی ئەم پرۆژەیە، ئامرازێکی تری سیاسەتی دژەکلتووریی ڕێژیمی ئێران بۆ دابڕینی نەوەی نوێ لە وشیاریی مێژوویی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە، تا لە ڕێگەی پەراوێزخستنی زانستەوە، ناوچەکانی کوردستان لە دواکەوتووییدا بهێڵێتەوە.