کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت: ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران نادرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات

15:14 - 20 خەزەڵوەر 2726

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت (G7) لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەیان لە پاریس، جەختیان لەسەر پشتیوانیکردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کردەوە و ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەرگیز نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەی پاریسدا هاتووە، لە ئەگەری نەبوونی ڕێگەچارەی دیپلۆماسیدا، وڵاتانی ئەندام لە بەردەوامیی هاواهەنگییەکان بۆ سەپاندنی گوشاری ئابووری و سیاسی بەمەبەستی بەرتەسککردنەوەی تواناکانی ڕێژیمی ئێران لە تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان بەردەوام دەبن.

ئەندامانی گرووپی حەوت هەروەها جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی گەمارۆ گەڕێندراوەکان لە ڕێگەی مێکانیزمی ماشە کردەوە و داوایان لە سەرجەم وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئاراستەی ئەم بەرتەسککردنەوانە بگرنە بەر.

گرووپی حەوت لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارە نافەرمییەکان لە ناوچەکە و پێشکەشکردنی یارمەتیی سەربازی بە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرایندا تۆمەتبار کردووە.

ئەندامانی ئەم گرووپە هەروەها پەلامارەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و دروستکردنی کێشە لە بازرگانیی جیهانی و ئەمنییەتی وزە لە ڕێگەی دروستکردنی کۆسپ لە بەردەم هاتوچۆی دەریاوانیدا لە گەرووی هۆرمۆز مەحکووم کرد و داوایان لە ڕێژیم کرد کۆتایی بە پەلامارەکانی بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا بهێنێت.