لەگەڵ تەشەنەسەندنی قەیرانی ئابووری، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و پەرەسەندنی بێوێنەی هەژاری لە ئێراندا، دیاردەی فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە لەنێو توێژە کەمداهاتەکان و بەتایبەت چینی کرێکاراندا بووەتە ئامرازێک بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان و دانەوەی قەرزەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا"، شەقامەکانی تاران شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاگادارییەکانی فرۆشتنی جۆرەها ئەندامی جەستەن. ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە دیاردەکە تەنیا لە فرۆشتنی گورچیلەدا قەتیس نەبووەتەوە و پەڕیوەتەوە بۆ فرۆشتنی جەرگ، مێشکی ئێسک و ئەندامەکانی دیکە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی داواکراو بۆ گورچیلە گەیشتووەتە ٣ تا ٤ میلیارد تمەن و بۆ گرووپە خوێنە دەگمەنەکان تا ٥ میلیارد تمەنیش بەرز بووەتەوە.
لە حاڵەتە تۆمارکراوەکاندا، کرێکاران و کاسبکاران بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز، نەبوونی توانای دابینکردنی کرێی خانوو و گوشاری توندی بژێوی، پەنایان بۆ هەراجکردنی تەندروستی و جەستەی خۆیان بردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچەی مانگانەی کرێکاران کە ٢٠ تا ٣٠ میلیۆن تمەنە و سەبەتەی بژێویی خێزان کە مەزەندە دەکرێت لە دەوروبەری ١٠٠ ملیۆن تمەن بێت، هەیە.
پەرەسەندنی ئەم کارەساتە مرۆییە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر داڕمانی ژێرخانی ئابووری و ناکارامەیی ڕێژیمی ئێران لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی هاووڵاتییان، کە خەڵکی ناچار کردووە بۆ رزگاربوون لە قەرز و برسییەتی، جەستەی خۆیان بفرۆشن.