کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێدراسیۆنی تۆپی پێی کانادا: یاریی نێوان ئێران و کانادا هەڵوەشایەوە

12:22 - 6 جۆزەردان 2722

بڕیار بوو کە یاریی فووتباڵی یانەکانی "ئێران" و "کانادا"، ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان لە وڵاتی "کانادا" بەڕێوە بچێت، بەڵام فێدراسیۆنی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ئەو یارییە هەڵوەشاوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی "پی ئێس ٧٥٢" لە بەیانییەیەکدا داوایان کردبوو کە یاریی دۆستانەی نێوان ئێران و کانادا هەڵبووەشێتەوە و وتبوویان: "ئەو یارییە بێڕێزییە بە قوربانییانی ئەو فڕۆکەیە کە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە خراوەتە خوارەوە".

هەروەها"جاستین تێرۆدۆ" سەروکوەزیری ئەو وڵاتە ئەو یارییەی بە بیرۆکەیەکی باش نەزانیوە و پێشتریش "کەندی ئێستوارت" شارەداری "وەنکووێر" بۆ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی "ئۆکراین" ئەو یارییەی مەحکووم کردبوو.

ئەو فێدراسیۆنە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە کە وردەکاریی تەواوی هەڵوەشانەوەی ئەو یارییە دۆستانە، پێشکەشی کڕیارانی بلیتی ئەو کێبڕکێیە دەکرێت.

پێش ئەو یارییە، یاریی نێوان ئێران لەگەڵ "ئێکوادۆر"یش هەڵوەشابووەوە و لە ئێستادا ئێران هیچ یارییەکی دۆستانەی بۆ ئامادەکاری لە جامی جیهانیی ٢٠٢٢ی "قەتەر" نییە.