کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێدراسیۆنی جیهانیی جۆدۆ، ئێرانی هەڵپەسارد

12:41 - 1 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: فێدراسیۆنی نێونەوتەوەیی جۆدۆ، ئەندامێتیی فێدراسیۆنی جۆدۆی ئێرانی بەهۆی ئەوەی کە نەیهێشتووە ورزشوانانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ڕکابەرە ئیسرائیلییەکان ڕووبەڕوو ببنەوە، هەڵپەسارد.

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی جۆدۆ، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕەزبەر، ڕایگەیاند کە هەڵپەساردنی فێدراسیۆنی جۆدۆی ئێران لە بەشداریکردنی سەرجەم کێبڕکێیەکان و چالاکییەکانی لەژێر بەڕێوەبەریی ئەم دامەزراوە، تەئید کراوە.

ئەم بڕیارە کاردانەوەیەک بووە سەبارەت بە هەوڵەکانی فێدراسیۆنی ئێران کە یەکێک لە وەرزشوانەکانی خۆی بە ناوی ''سەعید مەلایی'' ناچار کرد بۆ ئەوەی کە ڕووبەڕووی ڕکابەرە ئیسرائیلییەکەی نەبێتەوە، لە کێبڕکێیە سەرەتاییەکاندا خۆی بدۆڕێنێت.

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی جۆدۆ گوشارەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بەسەر وەرزشوانانی ئەم وڵاتەی  بە پێشێلکردنی یاساکانی لە بواری لەبەرچاوگەتنی ڕۆحییەی ئۆلەمپیک و بێلایەنیی سیاسی ناو بردووە.

بەم هۆیەوە کۆمیسیۆنی نێونەتەوەیی جۆدۆ داوای ئەوەی کردووە کە ئێران لە بەشداریکردنی ئەم کیێبڕکێیانە هەڵپەسێردرێت و ئەم هەڵپەساردنە تا کاتێک ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یاسا و ڕێساکانی ئەم فێدراسیۆنە پێشێل بکات و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕکابەرە ئیسرائیلییەکان پێشگیری بکات، هەر درێژەی هەیە.

"سەعید مەلایی"، جۆدۆکاری کێشی کەمتر لە ٨١ کیلۆ، لە کێبڕکێیەکانی جامی جیهانیدا کە لە تۆکیۆ لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئووتی ٢٠١٩دا بەهۆی ئەگەری بەرەوڕووبوونی لەگەڵ جۆدۆکارێکی ئیسرائیلی بە ناوی "ساگی مۆکی"، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە داوای لێ کرا کە لە کێبڕکێیەکان بکشێتەوە.